لە درێژەی زنجیرە کۆڕەکانی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی کتێبی توێژینگەی کوردستانناسیی زانکۆی کوردستاندا، کتێبی ویسێ و ڕامین، لە وەرگێڕانی دوکتۆر نەجمەدین جەباری بەڕێوەچوو.
ڕۆژی چوارشەمە (22ی خەزەڵوەر) لە هۆڵی خەیامی کۆلێژی زمان و ئەدەبیاتی زانکۆی کوردستان، کۆڕی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی کتێبی ویسێ و ڕامین، بە بەشداری هەریەک لە بەڕێزان، دوکتۆر نەجمەدین جەباری وەرگێڕی کتێب، دوکتۆر هیوا حەسەنپوور و دوکتۆر سروە مێنبەری بەرێوەچوو.
سەرەتا دوکتۆر هیوا حەسەنپوور، باسی وەرگێڕان و گرینگایەتی تەوەرە دەکات و پێی کە وایە وەرگێڕان، دەتوانێ ئاستی نووسراوەیەک بەرز بکاتەوە یان نووسەر و نوسراوەکەی بە گشتی تێک بشکێنێت.
ئەو لە ڕوانگەی گێڕاوەناسییەوە کتێبی ویسێ و ڕامین لێکدەداتەوە و دەڵێت: ئەم کتێبە لە ئەدەبی فارسیدا وەکوو یەکەم ئەزموونەکانی چیرۆکنووسی دێتە ئەژمار و لە زمانە سەرەتاییەکەیدا کێشەی زۆری هەیە کە ڕەنگە بناغە و بنەڕەتی بۆ پێش ئیسلام بگەڕێتەوە.
حەسەنپوور پێی وایە ئەم کتێبە لە تان و پۆ و هەروەها جۆری کەسایەتییەکان و گێڕاوەناسییەوە کێشەی زۆرە بەڵام بە هۆی ئەوەی وەکوو یەکەم ئەزموونەکانی چیرۆکنووسی فارسی دێتە ئەژمار، کارێکی گرینگ و جێ ڕێزە.
بە وتەی دوکتۆر حەسەنپوور، وەرگێڕانی چیرۆکە شیعر وردەکاری زۆری دەوێت و کارێکی دژوارە و لەم وەرگێڕانەدا وەرگێڕ وشیار یان ناوشیار بەو ئاکامە گەیشتووە کە ئەم بەرهەمە بە شێوەی پەخشان وەریگێڕێتەوە.
ئەو بەم شێوە درێژە بە باسەکانی دەدات و دەڵێت: یەکێک لە بایەخەکانی ویسێ و ڕامین ئەوەیە کە داهێنەری نەریتێک بووە بە ناوی (دەنامە نووسی) کە دوای ویسێ و ڕامین ئەم نەریتە دووپات بووەوە و تەنانەت (سی نامەش) پەیدا بوو.
حەسەنپوور دەڵیت گەرچی وەرگێڕ بە شێوەی پەخشان ئەم کتێبەی وەرگێڕاوەتەوە بەڵام لە هەر شوێنێک کە نەیتوانیوە هەستی خۆی دەرببڕێ، چووەتە سەر شیعر و بەم شێوە بەشێکی کەم لە وەرگێڕانەکە کراوە بە شیعر، بە گشتی دەکرێ بڵێین ئەم بەرهەمە، بەرهەمێکی تا ڕادەیێک لیریکە کە یەکێک لە دژوارترین جۆرەکانی وەرگێڕانە، چونکە دەبێ بە جوانی هەستی نووسەر بگوازرێتەوە سەر زمانێکیتر.
ئەم ماموستای زانکۆیە پێی وایە لە ئەدەبیاتدا بە هۆی جۆری وەرگێڕانەکانیان بەرهەمێکی زۆر ڕووی لە ناوچوون کردووە و ڕایگەیاند: ئەم وەرگێڕانە زۆر دژوار بووە و بە لە بەرچاو گرتنی شێوەی نووسراوەکە، وەرگێڕانێکی پڕبایەخە.
پاشان دوکتۆر سروە مێنبەری باسی وەرگێڕانی شیعر و زمانی شاعیرانە دەکات و دەلێت: زمانی شیعر بە گشتی جیاوازە و کارتێکەری لە سەر هەست و سۆزی خوێنەر هەیە و لە ناو شیعردا بە شێوەیەکی جیاواز لە دیکەی ژانرەکان، تێکەڵ بوونی فۆرم و ناوەرۆکمان هەیە کە هەر ئەمەش بۆتە هۆی دژوار بوونی وەرگێڕانی شیعر.
ئەو دەڵێت کاتێ کە باسی شیعر دەکرێت ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا شیعر وەردەگێردرێتەوە یان نە و ئاماژە بە بۆچوونە جۆراوجۆرەکان، لە مەڕ ئەم پرسیارە دەکات.
مێنبەری دەڵێت: ئەوانەی کە پێیان وایە شیعر وەرناگێردرێتەوە، دەبێ ئەمەش لە بەرچاو بگرن کە سەرەتای وەرگێڕانی شیعر بۆ دوو هەزار ساڵ لەوەپێش دەگەڕێتەوە و خاوەن مێژوویەکی قووڵە.
ئەم ماموستایە بەم شێوە درێژە بە باسەکانی دەدات و دەڵێت: ئەوانەی کە لە سەر وەرگێڕانی شیعر ڕێک کەوتوون، پێیان وایە وەرگێڕانی شیعر دەبێ وشە بە وشە و دەقاودەق بێت و هەندێ کەسیش پێیان وایە شیعر دەبێ وەرگێڕدرێتەوە سەر شیعر واتا کاتێ وەرگێڕانی شیعرێک دەبینین، چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە شیوازی نووسینی لە زمانی مەبەست وەکوو شیعر بێتە بەرچاو، هەر بەم بۆنەشەوەیە کە دەڵێن تەنیا شاعیر دەتوانێ شیعر وەرگێڕێتەوە.
ئەو دەپەرژێتە سەر ڕوانگەکانی دیکەی سەبارەت بە وەرگێڕانی شیعر و دەڵێت: یەکیک لەم ڕوانگانە ئەوەیە کە دەڵێن شیعر دەبێ بە شێوازی پەخشان وەربگێڕدرێتەوە و داکۆکی دەکەنە سەر ئەوەی کە هیچ وەرگێڕانێک ناتوانێت فورم و ناوەرۆک بگێڕێتەوە بەڵام باشییەکانی وەرگێڕانی شیعر بە پەخشان لەوە دایە کە دەتوانین ناوەرۆکی شیعر بە فورمێکی نوێ پیشان بدەین.
دوکتۆر مێنبەری هەروەها باسی خاڵە لاوازەکانی ئەم جۆرە وەرگێڕانە دەکات و پێی وایە شیعر کاریگەری زۆری لە سەر هەست و سۆزی خوێنەر هەیە بەڵام پەخشان بەم شێوەیە نییە.
ئەو بەم شێوە درێژە بە باسەکانی دەکات و ڕایدەگەینێت: لە هەر جۆرە وەرگێڕانێکدا دەبێ سێ بنەما لەبەرچاو بگرین بنەمای مانا و ناوەرۆک و واتایە، بنەمای ستایل و فورم و شێوازی جیاوازی شیعری و بنەمای هەست کە دژوارترین بەشی وەرگێڕانی شیعرە.
مێنبەری پاشان باسی وەرگێڕانی ویسێ و ڕامینی کرد و وتیشی: لەم وەرگێڕانەدا، ستراتێژی وەرگێڕان زۆر بە باشی نوێندراوەتەوە بەڵام دەبێ ئاماژە بەوەش بکەم کە دەقە کوردییەکە خێراییەکەی وەکوو شیعرەکە نییە، بەو واتایەی کە خێراتر شتەکان دەگێڕێتەوە.
ئەو لە درێژەشدا هەندێ بەشی وەرگێڕانەکە لە گەڵ دەقە سەرەکییەکە بەراورد دەکات و پێی وایە شێوازی دەربڕینی وشەکان لە زۆر شوێندا جیاوازە و هاوواتای دەقە سەرەکییەکە نییە و وەرگێڕ بە شێوەیەک دەقەکە خۆماڵی دەکاتەوە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە شتی ناڕوونی تێدا نەبێت.
دوکتۆر مێنبەری هەروەها باسی گێڕانەوەی زاراوەکان دەکات و پێێ وایە ناکۆکی ئاشکرای تێدا دەبینرێت.
لە دواهەمین بەشی دانیشتنەکەدا وەرگێڕی کتێبەکە، دوکتۆر نەجمەدین جەباری بەم شیوەیە وڵامی ڕەخنە و تێبینی ماموستایانی دایەوە و وتی: وەرگێڕانی ویسێ و ڕامین تەنیا وەرگێڕانێک بۆ دڵی خۆم بوو و لە ڕاستیدا من شەیدای ئەم چیرۆکە بووم و هەوڵم دا وەریگێڕمەوە کە پاش 19 ساڵ بە ئەنجام گەیشت.
ئەو هەروەها دەڵێت: بۆ ئەوەی بیسەلمێنم زمانی کوردی زمانێکی پڕ دەسەڵاتە ئەم بەرهەمەم بۆ وەرگێڕان هەڵبژارد.
ئەو ئەم کارەی وەکوو یەکەمین و دواهەمین کاری وەرگێڕانی خۆی ناساند و وتی: لەم وەرگێڕانەدا ناوە تایبەتەکانم نەگۆڕاوە بەڵام نووسەر زۆر جار وەکوو لەوچوو وشەگەلێکی هێناوە، واتا مەبەستی شوبهاندن بووە و بە هەندێ شت شوبهێندراون کە ڕەنگە بۆ بەردەنگی کورد ئاسایی نەبێت، هەر بەم بۆنەوە تێکۆشاوم وشەکان خۆماڵی بکەمەوە.
جەباری داکۆکی دەکاتە سەر ئەوەی کە تێکۆشاوە کێشی شیعرەکان لە وەرگێڕانەکەدا بپارێزێت و ئەو شیعرانە بە باشی بنەخشێنێت.
وەرگێڕی ویسێ و ڕامین لە کۆتاییشدا دەڵێت: زۆر کەس پێیان وایە زمانی کوردی جووت سەروای تێدا نییە و من بەم وەرگێڕانە تێکۆشاوم ئەوە نیشان بدەم و بیسەلمێنم کە زمانی کوردیش دەسەڵاتی جووت سەروای هەیە.
شیاوی ئاماژەیە توێژینگەی کوردستانناسیی زانکۆی کوردستان پێشتریش دوو کۆڕی رەخنە و هەڵسەنگاندنی کتێبی بۆ دوو کتێبی دیکە بەناوەکانی "کردها و خاستگاه آنها" و "اصلاحات ارضی در کردستان" بەڕێوە بردووە.
.jpg)