سێمیناری زاگرۆس لە مێژووەوە تا بیرۆکە، لە ڕێکەوتی ٤ی گوڵانی ٩٨ بە بەشداری مامۆستایان، دوکتۆر سامان حەیدەری گۆران، دوکتۆر بێهرووزچەمەنئارا و فاتێح سەعیدی، لە لایەن توێژینگەی کوردستان-ناسیی زانکۆی کوردستانەوە بەڕێوەچوو. ئەم ڕێوڕەسمە بە بەشدارییەکی بەرچاوی لە لایەن مامۆستایانی زانکۆ و خوێندکارانەوە بە خۆوە بینی کە چەندین باس و لێکدانەوە، کە ئاماژەییکی کورت دەکەین بەسەر مژارە سەرەکییەکانی تایبەت بەو سێمینارە.
ئەم سێمینارە پێکهاتبوو لە سێ پەنێلی زانستیی تایبەت بە مژار و تەوەری سەرەکیی بەرنامەکە، کە پەنێلی یەکەم بە بەشداری بەڕێز دوکتۆر سامان حەیدەری گۆران (زانکۆی کەمبریج) بەڕێوەچوو. بەڕێز حەیدەری گۆران لە سەرەتای باسەکەیان ئاماژەیێکیاندا بە چۆنیەتی گەشە کردنی مرۆڤە سەرەتاییەکان و بە تایبەت نێئاندرتاڵەکان و ڕەوتی گۆڕانیان بەرەو هومۆساپییەنەکان.
باسێکی دیکەیان لە سەر ئەشکەوتەکان و دەستکەوت گەلێک بوو کە لەو ڕێگەیەوە توانراوە بە دەست بێت و ئەشکەوتی شانەدەڕ و سایتێک لە نێزیکی شاری کامیاران وەکوو نموونەیێکی بەرچاوی گرینگ لەو بوارەدا ناوبرد کە دەتوانرێت وەکوو بەڵگەگەلێکی گرینگ کەڵکیان لێ وەربگیردرێت.
بەڕێزیان لە درێژەی باسەکەیاندا وەڵامی ئەو پرسیارانەیان دایەوە کە ڕوانینی مرۆڤناسەکان بۆ مرۆڤ چییە و گەشە و ڕاهاتنی مرۆڤ لە سەردەمانی پێش مێژوو و هەروەها جوگرافیای سروشتی و ناوچەیی زاگرۆس بە چ شێوەیەک بووە و جێگە و پێگەی زاگرۆس لەم خوێندنەوانەدا لە کوێدایە و لە کوێدا هەڵکەوتووە؟
بەشی دووهەمی پەنێل بە بەشداری بەڕێز فاتێح سەعیدی (زانکۆی سۆران-گوتینگتن) بەڕێوەچوو کە تێیدا بەڕێزیان بە پێشکەش کردنی بەشێک لە تێزی دوکتۆراکەیان جەختیان خستە سەر پەرەسەندنی سۆفیزم لە ناوچەی جیبال لە سەدەکانی ٣تاکوو ٦ی کۆچی.
بەڕێز سەعیدی لە درێژەدا ئاماژەیاندا بە خوێندنەوەی ئەو گوتارە زاڵانەی کە بە ناوی جیبالەوە نووسراون، چی بووە؟ هەروەها بەڕێز سەعیدی بە وردی هۆکارەکانی فەرامووشی یان نەخوێندنەوەی جیبال لە مێژووی هاوچەرخ خستەبەر ڕەخنەی گوتارناسانەوە.
پەنێلی سێهەم بە بەشداری بەڕێز دوکتۆر بێهرووز چەمەنئارا (توێژینگەی کوردستانناسیی زانکۆی کوردستان) بەڕێوەجوو. بەڕێز چەمەنئارا هەندێک بەڵگەی مێژوویی و ئەدەبی شیکردەوە کە لە گوتارە فەرهەنگیی و ئەدەبییەکانی ئێرانی و ئیسلامی، ناوچەی زاگرۆس و فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی، بەشیکی نادیار و پەراوێز خستراوی هەیە و تووشی نامۆیی و بێدەنگی بووە. بەڕێزیان لە درێژەدا ئاماژەیان بەوە کرد کە تۆزێک بە سەر مێژووی ئەم ناوچەیە نیشتووە و ئێمە ناتوانین ئەمە لە ماباقی شوێنەکانی دیکە جیابکەینەوە و وەکوو نیزامێکی مەعریفەتی تایبەت پێناسەی بکەین، بەڵام ئێمە دەتوانین بە شێوەی "پێچەوانە خوێنی" مێژووی زاگرۆس بخوێنینەوە و بە پێی ئەو بەڵگانە و نیشانەگەلێک کە بۆمان بە جێماوە، ئەم نادیاری و تەپ و تۆزە مێژووییە لا ببەین و خوێندنەوەیێکی نوێمان بێت لەمەڕ مێژوو و فەرهەنگی ئەم ناوچەیە.
خوێندنەوەی ئەدەبی کوردی لە ڕووی فۆرم، ناوەڕۆک، جوانیناسی و بەکارهێنان چەندین ڕاستیی تازەمان بۆ دەخاتە ڕوو کە لەو ڕێگەیەوە دەتوانین سنوورەکانی مەعریفیی ئەدەبی کوردی لە سەردەمانی پێش سەدەی پازدە و شازدەی زایینی دیاری بکەین.
