لە دەسپێکی ئەم کۆڕە کە بە بەشداری زۆربەی شاعیران و نووسەرانی کورد و بنەماڵەی بەڕێز موعتەمیدی بەڕێوەچوو، جەهانشیر ئەمینی، سەرۆکی زانکۆی کوردستان وێڕای ڕێز و سپاس لە ناوەندی توێژینەوەکانی کوردستانناسی بە بۆنەی ڕێخستنی ئەم کۆڕە، وتی: مەبەست لە بەڕێوە بردنی ئاوەها کۆڕێک بەرز ڕاگرتنی یاد و ناوی ئەو کەسانەیە کە لە سەردەمێکدا هەوڵی زۆریان داوە بۆ مانەوە و پاراستنی زمان، ئەدەب و فەرهەنگی نەتەوەکەیان.
ئەو زیادی کرد: ئەم کەسایەتیە بەنرخگەلە وەکوو ئەستێرەیێک لە ئاسمانی ئەدەب دا ئەدرەوشێنەوە و لە پێداویستیەکانی زمان و فەرهەنگ و ئەو شتانەی کە ئەبێ بۆ بەرەی داهاتووی بە جێ بهێڵن، تێگەیشتوون و ئەمەش ئەرکی ئێمەیە کە ماندووییەکانی ئەوان و بەرهەم و ڕێگای ژیانیان بە لاوان و بەرەی داهاتوو بناسێنین.
سەرۆکی زانکۆی کوردستان ڕایگەیاند: ئەم کارانە دەبێتە هۆی ئەوەی لاوان هان بدرێن بۆ درێژەدانی ڕێگای ئەو گەورە پیاوان و گەورە ژنانەی کاریگەرییان لەم بوارەدا بووە و ناویان هەتا هەتایە دەمێنێتەوە.
ئەو ئاماژەی کردە سەر نووسینی خوێندکاران لە گۆڤارە ناوخۆییەکانی ناو زانکۆ و ئەو هەڵانەی کە لە نووسراوەکانیان دا هەیە و داکۆکی کرد کە ئەبێ خوێندکاران تەنیا بیر لەوە بکەنەوە کە بەرهەمەکانیان هی خۆیان بێت و لە کەسانیتر کۆپی نەکەن.
دوکتۆر ئەمینی کۆپی کردنی بەرهەمی کەسانیتر بە خەسارێکی گەورە ناو دەبات و دەڵێت: هیوادارم هەموو ئەو لاوانەی تازە دەچنە نێو گۆڕەپانی زمان و ئەدەب و فەرهەنگەوە ئەم خاڵە ڕەچاو کەن و درێژەدەری ڕێگای هەڵکەوتووەکانی نەتەوەکەیان بن.
پاشان ئومید قادرزادە، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەکانی کوردستانناسی زانکۆی کوردستان ئاماژە بە چالاکیەکانی ئەم ناوەندە تاکوو ئێستا دەکات و دەڵێت: ئەم ناوەندە لە ساڵی 1379 بە بەشداری دوو گرووپی توێژینەوەیی زمانناسی و ئەدەبیاتی کوردی و خوێندنەوەکانی فەرهەنگ و گەشەکردن، تەنیا ناوەندی تایبەت لە ئێران دایە کە بە شێوەی ئاکادێمیک لە بواری فەرهەنگ، زمان و ئەدەبیاتی کوردی چالاکی دەکات.
ئەو زیادی کرد: تاکوو ئەمڕۆ 2 کۆنگرەی نێونەتەوەیی و یەک کۆنگرەی ناوچەیی و دەیان بەرهەم لە لایەن ئەم ناوەندەوە چاپ کراوە و بۆتە پاڵ پشتی بەشێکی زۆر لە نووسەران و بلیمەتەکانی پارێزگای کوردستان و تەنانەت هەموو ناوچە کوردنشینەکانیش.
قادرزادە بەم شێوە درێژەی بە باسەکانی دا: ئەمڕۆکانە ئەگەر لە ئەدەبیات و تێئوریە نوێیەکانی گەشە، باس لە ڕەهەندی مرۆڤناسانەی گەشە دەکرێت و لەم تێئوریانە لە سەر ڕەوڵی فەرهەنگ و ئەدەبیات لە گەشە داکۆکی دەکرێت، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەوەی دەبێتە هاندەری گەشە، دەبێ لە سەر بنەمای فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کۆمەڵگا دابنرێت.
ئەو ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوەیێک لە لایەن ناوەندی کوردستانناسی لە سەر ئەم باسە کە ئایا فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی هاندەری گەشەیە یان دژ بە ئەوە دەوەستێ لە حاڵی ئەنجام دایە کە لە ئاکامی سەرەتایی ئەوەدا بۆمان دەرکەوتووە کە لە ئەدەبیاتی کوردیدا ئەو لایەنانەی کە دەبنە هۆی گەشە و پەرەسەندنی کۆمەڵگا 3 بەرانبەر زۆرتر لە ئەو باوەڕ و باسانەیە کە دژی گەشەن و ئەمەش لە زمانی کوردی لە بەراوەرد لە گەڵ زمانەکانی تورکی، فارسی و لوڕی زۆرترە.
سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی کوردستانناسی زانکۆی کوردستان دەڵێت: زمان، فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی دەتوانێ بنەمایێکی باش بۆ گەشە و هەروەها هاودەنگی و یەکگرتوویی لە کۆمەڵگای ئێران بە گشتی و بە تایبەت لە پارێزگای کوردستان بێت.
ئەو ڕێز گرتن لە کەڵە پیاوان و گەورەژنانی کورد بە یەکێک لە ئەرک و ئامانجەکانی کوردستانناسی دەزانێت و دەشڵێ: هیوادارم ڕۆژێک بگەین بەو ئاستە کە هەموو ئەو کەسایەتیانە لە کاتی ژیانیاندا بناسێنین و خۆیان ببن بە بەشداری تایبەتی ئەم کۆڕانە.
قادرزادە گرینگی نەدان بە شۆناس و باو بوونی ئەمە لە کۆمەڵگا بۆ ئەو هۆیە دەگەڕێنێتەوە کە کەسایەتیە گەورەکان نەناسراون و نەبوون بە سەرمەشقی لاوان و هەر بەم هۆیەش دەبێ گرینگی زۆرتر بە ئەم باسە بدرێت کە ئێمەش بەش بە حاڵی خۆمان بۆ بەڕێوە بردنی ئەو ئەرکە هەوڵ ئەدەین و بە هیواین بەو ئاستەی شایانی ئەم ناوەندەیە بگەین.
ئەو هەروەها لە پێشکەش کردنی کتێبخانەی دوکتۆر مەهیندوخت موعتەمیدی لە لایەن خۆیانەوە بە زانکۆی کوردستان هەواڵی دا و وتی: ئەو پەرتووکانەی پێشکەشی زانکۆی کوردستان کراون سەرچاوەگەلێکی باش بۆ لێکۆڵینەوەی خوێندکارانن و دەتوانن کەڵکیان لێ وەرگرن.
پاش ئەم باسانە کلیپێک لە سەر ژیان و کاری دوکتۆر موعتەمیدی بڵاو کرایەوە و خاتوو سوهەیلا محەمەدی شێعرێکی پێشکەش کرد.
پانێلی یەکەم بە بەڕێوەبەرایەتی عەبدوڵا رەسووڵ نژاد و بەشدار بوونی ڕەئووف تەوەکولی، ئەسعەد ئەردەڵان، ئەحمەد نەزیری، نەجمەدین شەوکەتیاریان و ماجید مەردۆخ ڕۆحانی بەڕێوە چوو کە سەرەتا بە باسەکانی ماموستا ڕەئووف تەوەکولی دەستی پێکرد و وتاری ئەم بەڕیزە داگری ئەم باسانەی خوارەوە بوو:
مێژوو دەڵێت کە خزمەتکارانی زانست و فەرهەنگ هەموو کات لە ژێر ئازار و زوڵم و زۆر دا بوون، گیانیان بەخت کردووە، ئاوارە و ئەسیر کراون و بە گشتی ژیانێکی تاڵیان بووە.
شاعیرانی کوردیش ژیانیان لە گەڵ ئاوارەیی و کەسەر و نەبوونییەوە بە سەر بردووە و زۆر جاریش لە وڵاتانیتر و لە غەریبی دا ژیانیان کۆتایی هاتووە.
دوکتۆر مەهیندوخت موعتەمیدی کچی عەتائوڵا موعتەمیدی لە بنەماڵەیێکی بەناو بانگی کوردستانیە. باوکی دوکتۆر موعتەمیدی وەکوو ماموستا لە قوتابخانەیێکی کوڕانە لە شاری بانە دەست بەکار بوو و تا ساڵی 1310 لەوێ ماونەتەوە و دوکتۆر موعتەمیدیش لە ساڵی 1305 لە شاری بانە لە دایک بوو. ئەو لە سنە خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تەواو کرد و لە ساڵی 1329 وەک ماموستای قوتابخانە دەستی بە کار کرد.
ئەو تینووی زانست بوو و هەر هاوکات لە گەڵ خزمەت کردنی، خەریکی درێژەدان بە خوێندن بوو تاکوو لە ساڵی 1338 بڕوانامەی بەکەلێریوسی لە دانشسەرا وەرگرت و هەر بەم شێوە درێژەی دا تاکوو لە ساڵی 1352 توانی لە بەشی زمان و ئەدەبی فارسی بڕوانامەی دوکتۆری وەربگرێت و بوو بە ماموستای زانکۆ و پاش 31 ساڵ خزمەت لە ساڵی 1361 خانەنشین کرا.
دوکتۆر مەهیندوخت موعتەمێدی شارەزای زمانەکانی کوردی، فارسی، عەرەبی و فەڕەنسی بوو و زەوقی شیعری باشی بوو. ئەو لە ئایین دا پێڕەوی شافیعی و لە عیرفانیشدا پێڕەوی تەریقەتی نەقشبەندی بووە و نووسینی کتێبێک سەبارەت بە مەولانا خالد نەقشبەندی بەرهەمی شێوازی عیرفانی ئەوە.
ئەو بە باشی لە گەڵ شاعیران و نووسەرانی فارسی سەردەمی خۆی ئاشنا بوو و زمانێکی پاراوی لەشیعر و ئەدەبیاتدا بوو کە بوو بە هۆی ئەوە شێوازی تەنانەت ببێتە سەرمەشقی فارس زمانەکان.
وتاری دووهەم لە لایەن دوکتۆر ئەسعەد ئەردەڵانەوە پێشکەش کرا کە بە کورتی داگری ئەم باسانە بوو:
کەسایەتیە ناوازە فەرهەنگیەکان هەر وەک خاوەن دەسەڵاتانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، دەسەڵاتیان هەیە و دەتوانن کاریگەر بن بەڵام جیاوازی هەیە نێوان خاوەن دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە گەڵ خاوەن دەسەڵاتەکانی فەرهەنگی.
یەکێک لەو جیاوازیانە ئەوەیە کە لەو بوارانە ڕەنگە خاوەن دەسەڵاتەکان هەرمان نەبن و تەنیا لە سەردەمێکی کورت دەسەڵاتدار بن و بە دەستی ڕەقیب زۆر جار حەزف دەکرێن و وەلایان دەنێن بەڵام ناوازەی بواری فەرهەنگ بۆی لەناوچوونی نیە، تەواو نابێت و کەسیش ناتوانی لە ناوی ببات.
لە بواری سیاسی هەوڵی کەسایەتیە ناوازەکان بۆ دەسەڵاتە، لە بواری ئابووری بۆ ماڵ و سامانە بەڵام لە بواری فەرهەنگی ئەو کەسایەتیانە بنەڕەتی شتێک دادەنێن کە هەرمانە و لە ناو ناچێت تەنانەت گەشە و گۆڕانی فەرهەنگیش لە ناویان نابات.
لە کۆمەڵگایێک کە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری هەبێت، کۆمەڵگا دەبێتە دوو چین بەڵام دەسەڵاتی فەرهەنگ، کۆمەڵگا دابەش ناکات و پێویستی بە شەڕ نیە و تەنیا پێویستی بە هاودڵی و هاوکاریە. ناخرێنە پەراوێز لە نێو کۆمەڵگا و لە گەڵ خەڵکی ژیان بە سەر دەبەن و ئەمەش کارێکی ئاسایی نیە و تەنیا هەندێ کەس دەتوانن ئەم ڕەوڵە بگێڕن کە بنەماڵە و کۆمەڵگا ئەبێ ئەمانە پەروەردە بکات.
دوکتۆر موعتەمیدی لە بنەماڵەیێکی خاوەن ڕەگەز لە دایک بووە کە هەموو کاریان نووسین و لێکۆڵینەوە بووە و ئەمەش کاریگەری زۆری بووە لە سەر کار و ژیانی ئەم ژنە گەورە کە ئەمڕۆ بۆ ناساندنی هەوڵ ئەدرێت.
پاشان ئەحمەد نەزیری سەبارەت بە کەسایەتی دوکتۆر موعتەمێدی باسی کرد و چەند بیرەوەری گێڕایەوە کە بە کورتی داگری ئەم باسانەی خوارەوە بوو:
دوکتۆر موعتەمێدی کەسایەتیێکی بەرز بوو لە هەموو بوارێکدا. زۆر بە زەحمەت دەژیا بەڵام هەرگیز هاواری نەدەکرد. هەموو کات تەنیا بوو.
زۆر بەدوای کتێب دا بوو و بۆ فێر بوون هەولی ئەدا هەر بەم بۆنەشەوە کتێبی زۆری کۆ کردبوو کە ئێستاش سەرچاوەی باشن بۆ هەموو فێرخوازان و ئەوانەی کە تینووی فێربوونن.
ماجید مەردۆخ ڕۆحانی سەبارەت بە کەسایەتی دوکتۆر باسی کرد و بیرەوەری خۆی لە گەڵ دوکتۆر لە سەردەمی منداڵی گێڕایەوە و هەروەها ئاماژەی کردە سەر تایبەتمەندیەکانی شیعری ئەو بەرزە ناوە و لە گەڵ مەستوورە بەراوەردی کرد.
نەجمەدین شەوکەتیاریان دواهەمین بەشداربووی ئەم پانێلە بوو کە باسەکانی بەم شێوە پێشکەش کرد:
لە درێژترین و تاریکترین شەوی ساڵی 1308ی هەتاوی لە شارە خنجیلانەکەی بانە کچە کوردێک پای نایە نێو دونیای خەم و پەژارەوە کە گەرچی ژیانی بە خەم و پەژارە دەستی پێ کرد، بەڵام دواڕۆژێکی درەوشاوەی بوو.
ئەو چوارەمین مناڵی بنەماڵە بوو باوک و دایکی خزمەتکاری فەرهەنگ و مەعاریف و ئەدەبی ئەو سەردەمە بوون. بنەماڵەی یەکێک لە بنەماڵەگەل گەورە و ڕەچەڵەک داری شاری سنە بوون. باوکی کوڕی حوجەتولئیسلامی شاری سنە بوو کە یەکێک لە مەشایەخە گەورەکانی کانی مشکان بوو کە هەر ئەم ناو موعتەمیدیە بە گوێرەی ناسناو لە بنەماڵەیان دا مایەوە.
مەهیندوخت هەر وەک دیکەی خەڵکی ئەو زەمانە لە نێو زەحمەت و سەختی گەورە بوو. لە ساڵی 1329 دایک و باوکی لە یەک جیا بوونەوە و ئەمەش زەربەیێکی ڕۆحی لە دوکتۆر دا بەڵام ورەی بەرزی ئەو لە بەرانبەر ئەم فشارە ڕۆحیە وەستا و بە ئیجازەی باوکی چووە لای دایکی. بە تەواوی ئەو خەم و خەفەتەی کە لە دڵیا بوو دەستی بە خوێندنی زمانی عەرەبی و فەرەنسی کرد. چون ئەو کاتە ماموستای نەبوو، هەر بە خوێندنی کتێب فێری زمانی فەڕەنسی بوو.
لە ساڵی 1340 باوکی لە دونیا چوو. ئەم خەمەی بە گیان سەند بەڵام نەبەزی و بە پێچەوانە هەوڵی دا بۆ وەرگرتنی کارناسی باڵا و دوکتۆرا. لە ساڵی 1348 کارناسی باڵای گرت و لە 1352 توانی دوکتۆراکەی لە ئەدەبیات و زمانی فارسی زانکۆی تاران وەربگرێت.
مەهیندوخت خووخەدەی تایبەتی بوو. ئەو ئینسانە پاک و فریشتە شێوە هەر وەخت لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان بەشداری ئەکرد یان وتاری ئەنووسی، خەڵاتی وەربگرتایا، بێ ئەوەی خۆی دەستی لێ بدا، بە سندۆقی خەیرییەی ئەسپارد بۆ یارمەتی گەیاندنی بە هەژاران و نەداران. بەرچاوترین تایبەتمەندی کەسایەتی دوکتۆر مەهیندوخت ئەوە بوو کە خۆنواندن و فیزی نەبوو و لە هەڵسووکەوتی دا خاکینە و خوڵینە بوو.
دوکتۆر مەهیندوخت تەنیا هۆگری شیعر و ئەدەب نەبوو و لە مۆسیقاش دەستێکی باڵای بوو و ماوەیێک لە خزمەت حەسەن کامکار و حسەین یووسف زەمانی خەریکی فێربوونی مۆسیقا بوو.
دوکتۆر بۆ ئەوەی لە ناو شاعیرانی ئێراندا سەر هەڵێنێ و خۆی نیشان بدات. بێ شک لە کوسپی زۆر تێپەڕیوە. هەر لە سەردەمی ئەو تا ئێستا ژنانێک بوون کە توانیویانە هەستی خۆیان لە قاڵب شیعر و مۆسیقا و ئەدەبدا دەرببڕن. ئەو لە نێو شاعیرانی فارسدا وەکوو پەروین و فورووغ و مەستوورە و ... جێ خۆی کردۆتەوە.
پاشان ڕەحیم لوقمانی شیعری پێشکەش کرد.
پانێلی دووهەم بە بەڕێوەبەرایەتی ئومید وەرزەندە و بەشدار بوونی سەید ئەحماد پارسا، نەسرین عەلی ئەکبەری، جەماڵ ئەحمەدی ئایین، نەوید نەقشبەندی و شادی ئەحمەدی بەڕێوە چوو.
وتاری یەکەم لە لایەن سەید ئەحمەد پارسا سەبارەت بە شیعری دوکتۆر موعتەمیدی پێشکەش کرا کە بە کورتی داگری ئەم باسانە بوو.
ئێران یەکێ لەو وڵاتانەیە کە ئەدیبان و لێکۆڵەران و ماموستایانێکی زۆری پەروەردە کردووە. دوکتۆر موعتەمیدی لێکۆڵەر، ماموستا و شاعیرێکی بەتوانا بوو کە دوو کتێبی شیعری لە ساڵەکانی 53 و 66 چاپ کرد و هۆنراوەکانی زۆرتر لە قاڵبی غەزەڵ، قەسیدە، مەسنەوی، دووبەیتی، چوارینە، موسەمەن و تەرکیب بەند هۆنراونەتەوە.
شیعری دوکتۆر موعتەمێدی سادە و ساکارە و خاڵی لە هەر چەشنە ئاڵۆزیە. نە لە وشەی ئاسایی و بازاڕی کەڵکی وەرگرتووە و نە لە وشەی دژوار کە تێگەیشتنی پێویستی بە فەرهەنگی وشە ببێت. ئەو هەروەها نە شاعیرێکی نوێخوازە و نە شاعیرێکی کلاسیکە و شیعرەکانی شێوازی گەڕانەوە دێننەوە یادمان.
عەشق، فیراق، یادی شاری سنە، گلەیی لە تەنیایی، ئاماژە بە سەفەری حەج، پێداهەڵگوتنی پێغەمبەر ناوەرۆکی شیعرەکانی دوکتۆر موعتەمێدیە و باسە کۆمەڵایەتیەکان لە شیعری ئەو جێگایان نیە.
پیری، خەمی دووری، تەنیای0، فیراق، لە شیعری ئەودا زۆر بەرچاوە و نیشان ئەدات لە عەشق دا شکستی هێناوە و هەر بۆیە نووسراوەکانی گلەیی لە تاڵی و خەمی عەشق دەکەن.
پاشان نەسرین عەلی ئەکبەری لە وتارێکدا شیعری دوکتۆر موعتەمێدی لە گەڵ پەروین ئێعتێسامی، فورووغ فەڕۆخزاد و سیمین بێهبەهانی بەراوەرد کرد و وتی:
ناوەرۆکی سەرەکی شیعری دوکتۆر موعتەمێدی تەنانەت لە قەسیدەکانیدا، عەشقە و بەڕای من عەشقی عاریفانەیە. شیعری سیمین زۆرتر غەزەڵە و پەروین قەسیدەیە بەڵام قاڵبی شیعری دوکتۆر موعتەمێدی جۆراوجۆرە و زۆرترینی غەزەڵ بووە.
دوانەی عەشق و عەقڵ لە شیعری دوکتۆر موعتەمێدی زۆر بەرچاوە و زۆر بە کاری هێناوە کە ئەمەش باری تاکەکەسی لە شیعرەکانی دەرخستووە.
جەماڵ ئەحمەدی ئایینیش وتارێکی بە ناوی ڕەنگدانەوەی ژیانی دوکتۆر لە شیعرەکانیدا پێشکەش کرد کە بە کورتی داگری ئەم باسانە بوو:
لە ئەدەبیاتی فارسی گەلێ ژن بوون کە چالاکیان بووە . یەکەم کەسێ کە ڕچەی شکاند و بە ڕاشکاوی باسی عەشقی زەوینی کرد، مەستوورەی ئەردەڵان بوو کە ڕاشکاوانە باسی خەسرەو خان دەکات.
فورووغ فەڕۆخزاد و سیمین بێهبەهانی دانیشتووی ناوەندی وڵات بوون کەچی دوکتۆر موعتەمێدی لە شارێکی بچووک وەک سنە و بانە ژیاوە و لە کۆمەڵگایێکی سونەتی بووە. کەواتە بەم بارودۆخەشەوە بەرهەمەکانی کەمتر لە بەرهەمی ئەوان نیە و دەتوانین بڵێین هەر لەو ئاستە دایە.
پاشان نەوید نەقشبەندی عیرفانی لە بەرهەمەکانی دوکتۆر موعتەمێدی لێک دایەوە و وتی:
دوکتۆر موعتەمێدی توانیویە لە دین و ئاییندا پێگەیێکی بەرز بۆ خۆی بدۆزێتەوە. زانستە ئایینیەکانی خوێندووە و بە سەریاندا شارەزا بووە. باشترین ڕێگا بۆ ناسینی کەسایەتی دوکتۆر موعتەمێدی خوێندنەوەی شیعرەکانیە کە ڕوانگەی لە هەموو بارێکەوە بۆمان دەردەخات.
بابەتە دینیەکان لە شیعری ئەودا بە دوو جۆری بابەتە عیرفانیەکان و کەسایەتیە ئایینیەکان دەرکەوتووە بۆ وێنە زۆر جار ناوی پێغەمبەر دێنێت کە نیشان ئەدات خۆشی ویستووە.
عەشقی عیرفانی و سەبووری، ئازادە بوون و سەربەخۆ بوون لە شیعرەکانیدا زۆر بەرچاوە و تەنیا لە خودا پاڕاوەتەوە.
شآدی ئەحمەدی دواهەمین وتاربێژێک بوو کە لە سەر تیل نیشان لە شیعری دوکتۆر موعتەمێدی باسی کرد و وتی: لە کتێبی شیعری زەریای فرمێسکی دوکتۆر 26 جار و لە کتێبی گوڵەکانی ئاویەریش 47 جار تیل نیشانی هێناوە کە زۆربەشیان ئاماژە بە چیرۆکی پێغەمبەران، ئەفسانە و چیرۆکەکان، قورئان و حەدیس، بڕواکانی نێو خەڵک و چیرۆکە مێژووییەکانە.
لە چیرۆکی پێغەمبەران زۆرترین ئاماژەی بە حەزرەتی مووسا، لە ئەفسانەکان زۆرترین ئاماژە بە شیرین و فەرهاد و لەیلی و مەجنوونە، لە چیرۆکە مێژووییەکانیشدا مەحموود غەزنەوی، عونسوری و ... زۆرترین ئاماژەیان پێ کراوە.
ئەو هەروەها بەرهەمی بە زمانی کوردیش بووە بەڵام یان چاپ نەکراوە یان نەگەیشتووتە دەستی ئێمە.
سەید بەهادین حوسەینی، ئەندامئ شوورای شاری سنەش لەم ڕێ و ڕەسمەدا وتی: شورای شار بۆی هەیە ناوی ئەو شەقام و گۆڕەپانانەی کە ناوی باشیان بۆ دانەنراوە، بگۆڕن و هەربەم بۆنەوە من بەڵێن ئەدەم ناوی شەقامێکی شیاو بە ناوی دوکتۆر موعتەمێدی ناو بنین و بۆ ئەمە کارەش دڵنیا بن ڕای خاوەن ڕاکان و بیرمەندانی شار بۆمان گرینگە.
لە کۆتایی ئەم ڕێ و ڕەسمە وتاری ڕێز و پێزانینی بنەماڵەی موعتەمێدی لە لایەن ئەسعەد نەقشبەندی خوێنرایەوە و لەوحێک پێشکەشی سەرۆکی زانکۆ و سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی کوردستانناسی کرا کە بۆ ئەم کۆڕە تووشی زەحمەت بوون.
هەروەها خەڵاتێک بە دیاری لە لایەن ناوەندی توێژینەوەکانی کوردستانناسی پێشکەشی بنەماڵەی موعتەمێدی کرا.
لە لایەن ناوەندی توێژینەوەکانی کوردستان ناسی ڕێز لە محەمەد ڕەئووف تەوەکولی، ئەسعەد ئەردەڵان، ئەحمەد نەزیری، نەخمەدین شەوکەتیاریان، ئەحمەد پارسا، نەوید نەقشبەندی، نەسرین عەلی ئەکبەری، شادی ئەحمەدی، سوهەیلا محەمەدی، عەدنان بەرزەنجی، مەنسوور ڕەحمانی، ئارێز فەتاحی، ئومید وەرزەندە، عەبدوڵا ڕەسوول نژاد، جەماڵ ئەحمەدی ئایین، سەلما ساعێدی، کولسووم عوسمان پوور، غەزاڵە ئەڵا یاری و ماجید مەردۆخ ڕۆحانی بە پێشکەش کردنی دیاری ڕێز گیرا.
شیاوی ئاماژەیە دوکتۆر مەهیندوخت موعتەمێدی شاعیر، ئەدیب، لێکۆڵەر و وەرگێر بووە و پاش ماوەیێک دوای لە دنیا چوونی ئەو کەسایەتیە بەرز و بەنرخە، لە ڕێکەوتی 27ی گوڵانی 1393 لایەن ناوەندی توێژینەوەکانی کوردستانناسی کۆڕی ڕێز لێنانی بۆ گیرا.