ڕۆژی پێنج شەممە، ڕێکەوتی ٢٢ ی سەرماوەزی ٢٧١٨ ی کوردی، توێژینگەی کوردستان­ناسیی زانکۆیکوردستان، میوانداری بەشێکی بەرچاو و لێشاوێک لە هەستی پڕ خرۆشی کوردانە و سەقامگیربوونی تام و چێژی نەبڕاوەی خزمەت و ڕێزلێنان لە هەڵکەوتووان و پێشەنگەکان و ئەمجارەیش، خاتوونێک لە چینی قەڵایەکی بەرخۆدان و ماندوونەناسێک لە ڕەگەزی خۆشەویستی، هاوژینی هەژاری شاعیر و وەرگێڕو ئەدیب بوو.

بەر لە دەستپێکی کۆڕەکە، تەلاری مەولەوی جمەی دەهات لە میوان و لە هۆگری فەرهەنگ و لە دۆستانی هەژاری نەسرەوتوو. لە پیر و لاو و خوێندکار و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، چاوەڕوانی دەستپێکی کۆڕێکی مێژوویی و ڕێزلێنانێکی ڕێزدارانە، لە یادێکی هەرمان و مێژوویەکی لێوڕێژ لە هەست بوو.

سەرەتای دەستپێکی کۆڕەکە بە خوێندنەوەی بەشێک لە وەرگێڕانی کوردیی قورئانی پیرۆزی مامۆستا هەژا­، کۆڕەکە گوڵاوڕێژ کرا.

لە سەرەتادا بەڕێز دوکتۆر بێهروز چەمەن­ئارا، وەکوو بەرپرسی توێژینگەی کوردستان­ناسی و بەجێ هێنانی ئەرکی خانەخوێی، بە دەربڕینی هەستی سپاس و پێزانینی خۆی و ماڵئاوایی بە بۆنەی ئامادەبوونی ئەم هەموو هۆگرە و لێوڕێژ بوونی ئەو هەستە بە جۆشەی بەرانبەر بە هەڵکەوتووانی کۆمەڵگا و ئامادەبوونیان، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی.

دوکتۆر چەمەن­ئارا، ئاماژەی دایە بە پێگەی پیرۆز و بەنرخی قەڵەم و وتی:" ئێمە ئەمڕۆ بە باشی بینیمان کە قەڵەم چۆن ژیان درووست دەکات و ژیانیش چۆن قەڵەم دەخولقێنێت" ئەوان بە ئاماژەیان بە ئەو کارە بە نرخەی هاوژینی مامۆستا هەژار، درێژەی بە باسەکایەدا و ئاماژەی کرد بەوەی کە  :" ئێمە وەکوو بیرەوەرییەک یاد دەکەین لەو هەوڵە گرینگەی مامۆستا هەژار بۆ بەخشینی سەرجەم مافی قەڵەمی زێڕینی بە هاوژینی هەتایی، خاتوو مەعسوومە و بەخشینی ژیان و ئێمەیش بینیمان کە ئەم ژیانە دیسانەوە هاتەوە بۆ زانکۆی کوردستان و دەبێتەوە بە هۆی ژیانەوەی قەڵەم و ئێمە ئەمڕۆ بۆ ژیان و بۆ قەڵەم لەم شوێنەدا کۆبووینەتەوە."

دوکتۆر چەمەن­ئارا لە درێژەی وتارەکەیدا وتی:" ئێمە وەکوو توێژینگەی کوردستان­ناسی، خۆمان بە بەختەوەر دەزانین کە بۆ خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان، جێگای متمانەین و هیچ شانازییەک لەوە گەورەتر و بەنرختر نییە کەلە ناو خەڵکی خۆت و نیشتمانت سەربەرز بیت و جێگای متمانە بیت." ئەو بە ئاماژەی بە وەی کە لە هەر گۆشە و بەشێکی زانکۆی کوردستان، ناوی کەڵە پیاوان و شۆرە ژنانێکی گەورە دەدرەوشێتەوە، هەر بۆیە بەشێکی زۆری ئەم زانکۆیە بەو ناوانەوە پیرۆز کراوە و جێی خۆشحاڵییە." دوکتۆر چەمەن­ئارا بە ئاماژە بەوەی کە توێژینگەی کوردستان­ناسی لە ساڵی ٩٤ی هەتاوییەوە، وەکوو توێژینگەیەکی فەرمی پەسەند کراوە خۆشحاڵیی خۆی دەربرێ و ئەمەی بە بەختەوەرییەکی گەورە زانی  کە دەتوانن لەو پێناوەدا بۆخزمەت هەنگاوێک  هەڵبگرن.

هاتنی میوانانێک لە دەرەوی وڵات، لە تایبەتمەندییەکانی ئەو کۆڕیادە بوو. هەر بەو بۆنەوە بەڕێز مامۆستا زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری فەرهەنگیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، لە ئامادەبووان و میوانانی تایبەتی ئەو کۆڕە بوو. بەڕێزیان هەڵگری پەیامی ڕێزلێنان و ئەمەگناسیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوون. هەر بۆیە لە دوای گەیاندنی سڵاو و ڕێزیان، هەستی سپاس و پێزانینی خۆی بەرانبەر بە توێژینگەی کوردستان ناسی و زانکۆی کوردستان  بۆ بەڕێوەبردنی ئەو کۆریادە شکۆمەند و شکۆدارە و خۆشحاڵی خۆی لە­مەڕ ئەوەی کە زانکۆی کوردستان، وەکوو ماڵە باوانێک    هەموو کەسی کۆکردوەتەوە، دەربڕی.

بەڕێز زیرەک کەمال بە ئاماژەدان بە بەڕێوەبردنی ئەو کۆڕە لە شاری سنە وتی:" شاری سنە بە درێژایی مێژوو نە تەنیا بۆ دانیشتووانی شارەکە، بەڵکوو بۆ تەواوی گەلانی ئێران و ناوچەکە، چراخان و سەرچاوەی زانست و ڕۆشنگەری بووە و لە درێژەی ئەو سەروەری و گەورەییانەدا، ئەمڕۆ زانکۆی کوردستان، هەموومانی کۆکردوەتەوە."

ئاماژەدان بە ڕۆڵ وپێگەی بەرزی «خاتوو مەعسوومەی ئەحمەدی،» وەکوو هاوژین و پاڵ پێوەنەرێکی ماندوونەناسی هەژاری موکریانی، بەشێکی دیکەی قسەکانی ئەو بەڕێزە بوو. بەڕێزیان لە درێژەدا بە ئاماژەدان بە بەرهەم و چالاکییە بەنرخەکانی مامۆستا هەژار، ئەویان وەکوو سەرقافڵەی ڕۆشنگەری و زانست و زمان ناوزەد کرد و جێگە و پێگەی مامۆستا هەژاریان بەرز نرخاند. مامۆستا زیرەک کەمال هەروەها وتی:" ئێمە گەیشتووین بەو قەناعەتەی کە بەڕاستی مامۆستا هەژار داهێنەرێکی گەورە بووە چون ئەو هەمووکتێبە دانسقە و بە نرخانەی کە بەڕێزیان پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کرد و سەرجەم ئەو شاکارە مەزن و پڕ لە مانایانەی کە مامۆستا هەژار لە بواری وەرگێڕان و ئەدەب و زمان و لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی ئەدەبیدا بوویەتی جێگای ڕێز و پیاهەڵدانێکی نەبڕاوەیە و بەو خزمەتە گەورەیەی هەموومانی قەرزدار کرد و بەڕاستی قەرزدانەوەیشی لەو ڕووەوە زۆر ئەستەمە."

هەروەها بەڕێزیان بە ئاماژە بەوەی کە مامۆستا هەژار جگە لەوەی کە شاعیر و زمانزان و ڕۆشنبیرێکی بیر فراوان بووە، یەکێک بووە لە هەرە پێشەنگە دیارەکانی شاعیرانی کورد و خەمخۆرێکی مرۆڤایەتی و کارەکانی مەعریفی و زانستی و زمانەوانییەکانی جیهان، لە ناو چوارچێوەی فەرهەنگی نەتەوەکەی خۆیدا نەبووە؛ بەڵکوو چووەتە ڕووبەرێکی بەرفراوانترەوە  و سنوورەکانی بەزاندووە. مامۆستا هەژار نە تەنیا نەتەوەی خۆی، بەڵکوو نەتەوەکانی دیکەیشی خۆش ویستووە.

بەڕێز زیرەک کەمال لە درێژەدا ئاماژەیدا بە بەرهەمەکانی مامۆستا هەژار و وتی:" مامۆستا هەژار وەرگێڕی کتێبی قانوون لە توببی ئیبن سینایە کە یەکێکە لە شاکارە هەرە مەزنەکان و ئەمە شانازی و فەرخێکی گەورەیە نە تەنیا بۆ گەلی کورد بەڵکوو بۆ سەرجەم گەلانی ئێران." هەروەها زیادیشی کرد کە مامۆستا هەژار بە وەرگێڕانەکانی ویستوویەتی کۆمەڵێک ڕایەڵەی زانستی و مەعریفی پتەو لە نێوان عەرەب و فارسدا درووس بکات و بەم شتەیش مامۆستا هەژار سەلماندی کە موڵکی هەموو گەلانی ئێرانە.

لە درێژەدا بە ناوی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سپاسی دووبارەی خۆی لە مەڕ بەڕێوەبردنی ئەم کۆڕە دەبڕی و بە ئاماژەیدا بەوەی کە:" کە لە پشت هەر پیاوێکی مەزنەوە ژنێکی مەزن هەیە، دیارە لە پشت هەژاری مەزنیش خاتوو مەعسوومەی مەزن بووە و بەشێک لەو هەڵوێستەی جوانەیشی لەو هەڵوێستەدا خۆی بەرجەستە دەکات کە لێرەدا بەرانبەر بە زانکۆی کوردستان کردوویەتی."

 زیرەک کەماللە کۆتایی قسەکەیدا وتی:" ئەم ڕێوڕەسمە شکۆدارە بەرز دەنرخێنین و بە ئەمەگ دۆستی و وەفادارییەکی گەورەی دەزانینێ نەک هەر لە بەرانبەر ئەو بنەماڵە بەڕێز و ئەدەب دۆست و نیشتمان پەروەرەێ بەڵکوو بەوەش دەزانین کە ئەمە وەفاداریی و پێزانینە بەرانبەر بە ئەدەب و زمان و فەرهەنگی کورد و سەرجەم گەلانی ئێران و ناوچەکە و ئاواتە خوازی زیاتر بوون و پەرەسەندنی پەیوەندییەکان و ئەم کارە فەرهەنگییانەین  لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا."

بەڕێوەچوونی پەنێلێک لە درێژەی رێوڕەسمەکەدا، یەکێکی دیکە لە بەشەکانی ئەو کۆڕە بوو.

هەریەک لە بەڕێزان، مامۆستا عەباس غەزاڵی، نووسەر و چالاکڤانی سیاسی، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین ئاشتی، ڕۆژنامەڤان و سەرنووسەری گۆڤاری مەهاباد، مامۆستا عەتا نەهایی، چیرۆکنووس و مامۆستا ماجد مەردۆخ ڕۆحانی، هاوڕێ و دۆستی دێرینی مامۆستا هەژار، لە بەشداربووانی ئەو پەنێلە بوون.

وتاربێژی یەکەم، بەڕێز مامۆستا عەباس غەزاڵی بوو. بەڕێزیان وێڕای دەربڕینی هەستی سپاس و پێزانینی بەرانبەر بە ئەو هەوڵە بەنرخەی زانکۆی کوردستان، خۆشحاڵی خۆی لە­مەڕ بەخشینی ئەو مافە بەنرخە بە زانکۆی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەو گرینگەدا کە خاتوو مەعسوومە، قەڵەمەکەی بەخشی بە مەرجەعێکی ئاکادێمی و ئەوە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە دادە مەعسووم چەندە دڵسۆزی مامۆستا هەژار بووە.مامۆستا عەباس غەزاڵی بە ئاماژە بە پۆلێن و باسکردنی قۆناغەکانی ژیان، پەروەردەی دایکی وەکوو سەرچاوەی هەموو شتێک ناو برد و ڕۆڵی ژیانی بە گشتی لە کۆمەڵگادا بەرز نرخاند. لە درێژەدا بە ئاماژەدان بە ڕۆڵ و کاریگەریی ژنانی کورد لە کۆمەڵگای کوردەواری، هەوڵ و تەقالایان بۆ بەرە و پێش بردنی هەرچێ باشتر و زێدەتری کار و تەقالای تایبەت بە بنەماڵەی بەرز نرخاند.

بەڕێز عەباس غەزاڵی بە ئاماژە بە مەستوورەی ئەردەڵان و خانزادی سۆران، ڕۆڵی ئەو دوو شۆڕە ژنەی لە کۆمەڵگای کوردەواریدا بەرز نرخاند و وەکوو نموونەی ژنە هەرە سەرکەوتووەکانی کورد ناو برد. ئەووتیشی:" کاتێک ئێمە ئازاد دەبین کە ژن ئازاد بێت و بێگومان مامۆستا هەژار و خاتوو مەعسوومەیش مافێکی نەبڕاوە و هەتاییان بە سەر هەموومانەوە هەیە."

وتاربێژی دووهەم بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین ئاشتی بوو.

بەڕێز ئاشتی لە سەرەتای دەستپێکی وتارەکەیدا، خۆشحاڵی و پیرۆزبایی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە بەرانبەر بە توێژینگەی کوردستان­ناسی دەربڕی. تەوەری وتەکانی مامۆستا سەلاحەدین ئاشتی پێکهاتبوو لە­سەر باسێک لە بابەتی  ئەوین و ڕەنگدانەوەی ئەو ئەوینە لە ناو ژنانی کۆمەڵگا و کوردەواری و بەتایبەت خاتوو مەعسوومە هاوژینی مامۆستا هەژار و دابەشبوونی ئەو ئەوینە بە سەر لایەنەکانی ژیاندا.

بەڕێز ئاشتی بە ئاماژە بە ئاوێتە بوونی ئەو ئەوینە لە ناو ناخی خاتوو مەعسوومە و درووستبوونی ئەو هەستە ماندوونەناسانە، ڕۆڵی خاتوو مەعسوومەی لە پێگەیاندن و بەرفراوانتر کردنی هەستی خزمەت و تێکۆشانی مامۆستا هەژاری بەرز نرخاند و بە گشتی ڕۆڵی ژنانی وەکوو هێزی بەستنەوەی بەشەکانی گرینگی ژیان ناوزەد کرد.

باسکردن لە سەر ژیان و خەباتی مامۆستا هەژار و لە خۆبوردووییەکانی هاوژینی مامۆستا هەژار و باسکردنی چەند بەسەرهات و بیرەوەرییەکی خۆش، درێژەی وتەکانی بەڕێز ئاشتی  بوو. مامۆستا سەلاحەدین ئاشتی لە کۆتاییدا، بە خوێندنەوەی شیعرێکی مامۆستا هەژار، ماڵئاوایی لە میوانان و هەژار دۆستانی کۆڕەکە کرد.

مامۆستا عەتا نەهایی، درێژەدەری باسەکانی ئەو پەنێلە بوو. بەڕێز نەهایی بە پۆلێن­کردنی ڕەوشتی بەرزی خاتوو مەعسوومە، بە سەر سێ بەشی وەفاداری، فیداکاری و لە خۆبوردوویی، بوونی ئەم سێ تایبەتمەندییە لە ژیانی ئەو خاتوونەی، وەکوو پێوەرێکی سەرکەوتوو لە ژیانی هەژار و پێگەیاندنی ناو برد. بەڕێز نەهایی  بە ئاماژە بەوەی کە ئەم کۆڕە تەنیا بۆ خاتوو مەعسوومە نییە و بەڵکوو کۆڕێکە بۆ سەرجەم ژنانی کۆمەڵگا و ڕێزلێنانێکە لێیان.  مامۆستا عەتا نەهایی ڕووی وتەکانی کردە خوێندکاران و ژنانی کۆمەڵگا و وتی:" پێویستە ئێوە لە داهاتوودا لە پشتی هاوسەرەکانتانەوە نەبن بەڵکوو لە تەنیشتیانەوە بن و پێکەوە ئەم گڕی خزمەتە هەڵ بگرسێنن."

عەتا نەهایی لە درێژەدا وتی:" ئێوە دەبێت بە هەوڵ و ماندووبوونەوە خۆتان پێ بگەیەنن و ببن بە خاوەنی بەرهەم و پێویستە لە پەراوێزی پیاوەکانتاندا بێنە دەرەوە. درووستبوونی ڕۆحێکی سەربەخۆ و ئازاد و ڕاستەقینە و درووستبوونی وێژمانێکی یەکسان لە نێوان ژن و پیاو و گەیشتن بەو وێژمانەێ پێویستی بە سەربەخۆییەکی ئابووری هەیە و سەرەتا دەبێت لە وێیەوە دەست پێ بکات."

هەروەها لە درێژەدا وتی:" دەبێت بە خوێندن و ماندووبوون لەم درووشمە تێپەڕین تا بگەین بە ڕۆحێکی ئازاد و سەربەست. یەکسانیی ژن و پیاو بە درووشم ناکرێت و بەر لە هەموو شتێک ڕۆحێکی سەربەست و سەربەخۆی دەوێت."

لە پاشان شێخ یەحیا بەرزنجی، بە خوێندنەوەی چەند پارچە شیعرێک لە­سەر تەوەری ژن، چێژێکی تایبەتی بەخشی بە ئامادەبووان.

لە دوای پشووویەکی کورت نۆبەت گەیشت بە بڵاکردنەوەی کورتە فیلمی بەڵگەنامەییی لە سەر ژیانی دادە مەعسووم و هەندێک ڕوانگەی جیاواز و تایبەت لە ژیان و بەشێکی بچووک لە بەسەرهاتی ئەو خاتوونە ڕێزدارەی پیشان ئامادەبووان دا.

مامۆستا عەدنان بەرزنجی یەکێکی دیکە بوو لە وتار­بێژانی ئەو کۆڕیادە . ئەو  لە سەرەتای دەستپێکی باسەکەیدا شیعرێکی مامۆستا هەژاری کرد بە ڕێگە خۆشکەرێک بۆ باسەکەی .

باسکردنێکی چڕ و پڕ لە سەر ئاسەوارە بەنرخەکانی مامۆستا هەژار تەوەری سەرەکی وتارەکەی بوو. بەڕێز بەرزنجی بە ئاماژەی بە بەرهەمەکانی مامۆستا هەژار وتی:" مامۆستا هەژار خاوەنی بیست بەرهەمی بەنرخە. سێ دانە لە بەرهەمەکانی، بەرهەمی خودی مامۆستا هەژارن و حەڤدە بەرهەمی دیکەیشی، شەرح و وەرگێڕانن."

عەدنان بەرزنجی ئاماژەی بە هەندێ لە بەرهەمە دیار و بەرچاوەکانی مامۆستادا هەژاردا  و وتی:"، کارگەلێک وەکوو وەرگێڕانی قانوون لە توببی ئیبن سینا، یەکێکە لە شاکارە هەرە گەورە و گرینگەکانی کورد و ئەمە بە تەنیا فەخر و شانازییەکی بەرچاو و گرینگ نییە بۆ ئێمە، بەڵکوو شانازییەکە بۆ سەرجەم گەلانی ئێران."

 لە کۆتاییدا ئاماژەی بە بە کتێبی شەرەفنامەدا و وتی:" ئەم کتێبە وەکوو دەروازەیەکی گەورەیە بەرەو ڕووی زانایان و بیرمەندان و ناسینی زیاتری وڵاتی ئاسیا"

پەردەلادان لە سەر پێشکەشی نامە و ئاسارەکانی مامۆستا هەژار بۆ زانکۆی کوردستان، یەکێک بوو لە بەشە گرینگەکانی ئەو کۆڕیادە  کە لە لایەنی کچانی خوێندکاری بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی کوردستانەوە پەردەی لە­سەر لادرا. جێی ئاماژەیە ئەم ئاسەوارە، لە لایەن هاوژینی مامۆستا هەژار خاتوو مەعسووم، پێشکەش بە زانکۆی کوردستان کرا.

دیاری کردنی خەڵاتی ساڵانەی هەژار بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی و باسکردن لە­سەر ئەو خەڵاتە و خەڵاتە دیارەکانی جیهان بەشێکی دیکەی کۆڕەکەی بوو کە لە لایەن بەڕێز پڕۆفیسۆر ڕەحمەت سادقییەوە پێشکەش کرا. سەرەتای دەستپێکی وتەکانی دوکتۆر سادقی، باسێک بوو لە سەر ناساندن و شرۆڤەی ئەو خەڵاتە زانستییانەی کە لە ئاستی جیهاندا پێشکەش دەکرێت.

بەڕێزیان بە ئاماژە بە گرینگایەتی ئەم خەڵاتانە، لە­سەر زۆر بوون و گەشەسەندنی ئاستی زانیاری و زانست، بوونی وەها خەڵات گەلێکی بە پێویست زانی و بە گرینگی وەسف کردن. دوکتۆر سادقی لە درێژەداوتی:" لە ناو کورد دا، هەندێ خەڵات وەکوو گەلاوێژ، ئیبراهیم یوونسی، بەڕووی زێڕین،  چوارچرا، پیرەمێرد و خاک بوونیان هەیە و خۆشحاڵین خەڵاتی ساڵانەی «هەژار بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی» لە لایەن توێژینگەی کوردستان­ناسییەوە بە هاوکاری و پشتیوانیی بەشێک لە داهاتی ئاسەوارەکانی مامۆستا هەژارەوە و دابین کردنی بەشێکی لە لایەن زانکۆی کوردستان و سپۆنسەرەکان، دێتە ڕیزی خەڵاتە کوردییەکان و هیوادارین بێتە هۆی گەشەی زیاتری لێکۆڵینەوەی کوردی."

خوێندنەوەی دەقی پێشکەش نامە و واژۆ کردنی و  پێشکەش کردنی خەڵاتێک لە لایەن توێژینگەی کوردستان ناسیی زانکۆی کوردستان، دوایین بەشی ئەو کۆڕە بوو و سەر شانۆی ئەو کۆڕیادە، پڕ بوو لە هەستی بە جۆشی کۆمەڵێک زانا و بیرمەند و هەڵکەوتووی کوردستان و بە بەخشینی واژۆی هەمیشەییان، مێژوویان قەرزداری خۆیان کرد و یادی هەژار و هاوژینی هەژاریان زیندوو هێشتەوە و داهاتوویان چراخان کرد.