گرووپی توێژینه‌وه‌ییی مێژوو و فه‌رهه‌نگی کوردستان

کۆڕگێڕ: دوکتۆر نه‌وید نه‌قشبه‌ندی

به‌ به‌شداریی:

دوکتۆر موحه‌ممه‌د عه‌لی سۆڵتانی (مامۆستای زانکۆه‌کانی تاران)
دوکتۆر ڕه‌حمان وه‌یسی (مامۆستای زانکۆی کوردستان)
فاتح سه‌عیدی (مامۆستای زانکۆی سۆران)

ڕێکه‌وت: 07/10/1398
کاتژمێر: 11:30
ته‌لاری خه‌یام، کۆلێژی زمان و وێژه‌

 

هاتن بۆ هه‌مووانه‌

سێمیناری "عیرفان و سۆفیگەری لە دەڤەری فەرهەنگیی زاگرۆس" لە لایەن توێژینگەی کوردستان­‌ناسی و بە بەشداری دوکتۆر محەمەدعەلی سوڵتانی، دوکتۆر نەوید نەقشبەندی، دوکتۆر ڕەحمان وەیسی و فاتیح سەعیدی بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە 7ی بەفرانبار سێمینارێک لە لایەن توێژینگەی کوردستان‌­ناسیی زانکۆی کوردستانەوە لە ژێر ناوی "عیرفان و سۆفیگەری لە دەڤەری فەرهەنگیی زاگرۆس" لە هۆڵی خەیامی کۆلێژی زمان و وێژەی زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو.

دوکتۆر محەمەدعەلی سوڵتانی، دوکتۆر نەوید نەقشبەندی، دوکتۆر ڕەحمان وەیسی و فاتیح سەعیدی لەم کۆڕەدا بەشدارییان کرد و لایەنە جۆربەجۆرەکانی ئەم بابەتەیان لێک دایەوە.

محەمەد عەلی سوڵتانی، یەکەم وتاربێژی ئەم کۆڕە سەرەتا سپاسی توێژینگەی کوردستان‌­ناسی کرد بۆ پێک هێنانی ئەم کۆڕە و وتیشی: عیرفان و تەسەوف هەم بەشێکە لە مێژووی ناوچەی زاگرۆس و هەم بەشێکە لە بیروڕای خەڵکی کۆمەڵگا؛ بەڵام بەداخەوە بە شێوەی شیاو ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە و ئەمە یەکەم جارە لە زانستگایێکی ڕۆژئاوای وڵات­دا کۆڕێک لە سەر ئەم بابەتە بەڕێوە دەچێت.

عیرفان و سۆفیگەری توانیویە بە شێوەیەکی هونەری پەرە بە ئیسلام بدات.

دوکتۆر سوڵتانی پاشان باسی تەرێقەتەکانی پێش نەقشبەندیە و قادریەی کرد و وتی: تا پێش بە ئاکام گەیشتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، هیچ تەلەبەیێکی زانستە دینییەکان بە مەبەستی پڕوپاگەندەی ئایینی پێی لە شار نەناوەتە دەرێ و ئەوەی پەرەی بە ئیسلام داوە و توانیویە ئیسلام بە شێوەیێکی هونەری پێشکەشی کۆمەڵگا بکات، عیرفان و سۆفیگەری بووە.

دوکتۆر سوڵتانی باسی جیاوازییەکانی عیرفان و تەسەوف دەکات و دەڵێت: ئەگەر ئێمە لە بواری کەلتوورییەوە بۆ عیرفان بڕوانین، ئەوە عیرفانە بەڵام ئەگەر لە بواری کۆمەڵایەتییەوە بۆی بڕوانین ئەبێتە تەسەوف و لێرە لێک جیا ئەبنەوە. عیرفان ناوەندێک وەکوو خانەقا و تەکیەی نییە کە لایەنگرانی لەوێ کۆ ببنەوە؛ لە تەسەوف­دا دەروێش و خەلیفە و شێخ هەیە بەڵام لە عیرفاندا نییە و مرۆڤ هەر تەنیا خۆیە و خودای خۆی و خزمەتێک کە بە کۆمەڵگا دەیکات.

دوکتۆر محەمەدعەلی سوڵتانی لە کۆتایی ڕوونی دەکاتەوە عیرفان و تەسەوف لە کوردستان عیرفان و تەسەوفێکی بێکارە نەبووە بەڵکوو هەمووی فکر و بیر و ڕا بووە و بنەڕەتی فکری ئەم ناوچە بووە کە بە داخەوە لە زانستگاکانی ئێران گرینگی پێ نەدراوە و تا ئێستا کارێکی ئەوتۆی لە سەر نەکراوە.

دوکتۆر ڕەحمان وەیسی وتاربێژی دووهەمی ئەم کۆڕە لە وتاری خۆی­دا باسی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تەرێقەتی قادریە لە کوردستانی کرد و وتی: بە ڕای من بۆ هەر جۆرە شیکاریێک لە سەر چییەتی تەسەوف، پێویستە دوو چەمکی ئاخێزگە و پێکهاتە بسڕینەوە چونکو نەک هەر هیچ دەرکەوتەیێکی نیە، بەڵکوو دەرخستنیان مومکین نیە.

ئەم ماموستای زانکۆیە پێی وایە مێژووی مەزاهب و مەسلەکەکانی زاگرۆس بە تایبەت و کوردستان بە گشتی، مێژووی دیاردە پەرتەوازەکانە واتا ئێمە لە گەڵ ئۆبژەهایێکی قودسیی ڕووبەڕووین کە هیچیان یەک ناگرنەوە و وەکوو پازڵێکی گەورەن کە ڕێک خستنیان نامومکین بێت.

دوکتۆر وەیسی لە کۆتایی بە ئاماژە بەوەی کە جوغرافیای زاگرۆس داڵدەدەری کەسایەتییە ڕادیکاڵەکانی خوراسانە، بەم وتەیە کۆتایی بە باسەکانی خۆی هێنا: من پێم وایە قادرییە تەرێقەتێکی هاوردەیی نیە و هەر تایبەت بەم ناوچەیە و میراتگری مێژوویێکی زۆر کۆنە.

دوکتۆر نەوید نەقشبەندی سێهەمین وتاربێژی ئەم کۆڕە باسی دابەش کردنی زانستە ئیسلامیەکانی کرد و وتی: لە نێوان هەموو جۆرە زانستە ئیسلامییەکان، تەرێقەت و تەسەوف لە هەموویان زۆرتر توانیان خۆیان لە ناو دڵی خەڵک­دا جێ بکەنەوە کە ئەوەش چەندین هۆکاری هەیە بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە زانستی کەلام و فێقه ناتوانن مرۆڤ بە خودا بگەیەنن و مرۆڤیان لێ ماندوو دەبێت؛ کەچی عیرفان ڕەهەندگەلی جۆراوجۆری ڕۆح و دەروونیی مرۆڤ لە بەرچاو دەگرێت.

ئەم ماموستای زانکۆیە پاشان باسی تەرێقەتی نەقشبەندییە لە کوردستانی کرد و ڕوونی کردەوە: ئەم تەرێقەتە لە درێژەی مێژوودا چەند دەوری گۆڕاوە و دواهەمین فورمەتی کە لە کوردەواریدا هەیە، خالیدیەیە کە خەڵکێکی زۆری بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوە و هۆکارەکەشی ئەوەیە خەڵکی ئەم ناوچە لە فێقه و کەلام وەڕەز بوون و خوازیاری بۆچوونێکی عیرفانین.

ئایینێک لە ناو خەڵکدا دەمێنێتەوە کە بتوانێت نەرم بێت و لە خۆیدا گۆڕانکاری بەدی بهێنێت.

دوکتۆر نەقشبەندی پێی­وایە ئایینێک لە ناو خەڵک دا ئەمێنێتەوە کە نەرم بێت و بتوانێ خۆی بگۆڕێ و ئەبێ ئەوەش بزانین کە لە داهاتوودا هەموو ئایینەکان و تەسەوف و سەلەفییە و هتد بەرەو یەکگرتوویی ڕێباز دەڕۆن و ئێمەش وەکوو ڕووناکبیر ئەرکی سەرشانمانە هەستیارانە ڕووبەڕووی ئەم یەکگرتووییە نەبینەوە.

فاتیح سەعیدی دواهەمین وتاربێژی ئەم سێمینارە بوو کە مۆدێلێکی نوێ بۆ مەسەلەی عیرفان و تەسەوف لە دەڤەری زاگرۆس پێشکەش دەکات و دەڵێت: لەم مۆدێلەدا هەوڵم داوە تیۆریکی کۆمەڵناسانە بۆ ئایین لە کوردستان و بە تایبەت لە سەرەتاکانی هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەی زاگرۆس دەربخەم و هەروەها تایبەتمەندییەکانی عیرفان و تەسەوف لە کوردستان و ناوچەی زاگرۆس لەم مۆدێلەدا لە بەرچاو بگرم.

ئەم ماموستای زانکۆیە هەروەها باسی تێگەیشتنە هەڵەکان سەبارەت بە زاگرۆس دەکات و دەڵێ: لە بەر هۆکاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا، تەنیا ناوی دوو عیرفانی خوراسان و بەغداد دەبرێت و مەبەست ئەوەیە کە لە ناوچەی زاگرۆس دا عیرفان بوونی نەبووە  و ئەمە هەڵەیە؛ هەروەها بە گوندی نیشان دانی زاگرۆس و کوردستان لەو تێگەیشتنە هەڵەیانەیە کە دەبێ پشتڕاست بکرێنەوە.

فاتیح سەعیدی لە درێژەدا باسی مۆدێلی ماکس ڤێبێر بۆ ئیسلام و تایبەتمەندییەکانی ئەم مۆدێلە و هەروەها هۆکارەکانی بوونی توندوتیژیی ئایینی لە کوردستان دەکات.

لە کۆتایی ئەم کۆڕەدا هەندێ پرسیار لە لایەن ئامادەبووانەوە ئاراستە کرا و ماموستایان وڵامیان دایەوە.