جێبەجێکار: موحەمەد جەلالی

ڕێکەوتی دەسپیک: گەلاوێژی ١٣٩٥

ڕێکەوتی کۆتایی: 

فەرماندەر: توێژینگەی کوردستان‌ناسی (هاوبەش لەگەڵ ئیدارەی گەڵاڵەڕێژی و پلاندانانی پارێزگای کوردستان)

پوخته:
ستراتێژییه‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی کشتوکاڵ به‌ته‌نیا، له‌پێناوی گه‌شه‌ی دۆخی کار له کۆمه‌ڵگای لادێ و گۆنده‌کاندا به‌ره‌‌وڕووی کێشه و ته‌نگژه‌ی جیاواز ده‌بێته‌وه، که خودی ئه‌م بابه‌ته گومانی له‌سه‌ر سه‌رکه‌وتووبوونی ئه‌م پلانانه داناوه، به‌ڵام هێشتا که‌رتی کشتوکاڵ وه‌کوو یه‌کێ له که‌رته گرنگه‌کان بۆ په‌ره‌پێدانی هه‌لی کاری کۆمه‌ڵگاکان، ئامانجی پلانڕێژان و سیاسه‌ت‌‌دانه‌رانه. ئه‌مه له حاڵێکدایه که ئه‌وڕۆ تۆژه‌ران له‌و باوه‌ڕه‌دان هیچکه‌س و هیچ ڕێکخراوه‌یه‌ک ناتوانێ ببێته هۆی په‌ره‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگا لادێییه‌کان، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی دانیشتوانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایانه، مه‌یل و توانستی پێویست له‌م بواره‌وه له‌خۆ بنوێنن.    
که‌وایه هاریکارییه ده‌ره‌وه‌ییه‌کان ته‌نیا کاتێ کاریگه‌ر ده‌بن که به‌پێی توانسته‌کان و له هه‌مبه‌ر خاڵه‌ لاوازه‌کانی یارمه‌تی‌وه‌رگردا بێت. له‌م بابه‌ته‌وه، مه‌به‌ستی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا ناسینی توانست و خه‌ساره‌کانی ئه‌و گۆند و لادێیانه‌یه که له ڕه‌هه‌نده فیزیکی، ڕێکخراوه‌یی، کۆمه‌ڵایه‌تی و هانده‌رییه‌کانه‌وه له بواری خۆجێیی و ناوچه‌ییدا له ئاستێکی سه‌رتر دان، هه‌روه‌ها پاشتر به‌پێی ئه‌و دۆخه، پاڵپشتییه پێویسته‌کان به‌کار ده‌هێنرێت. له‌م توێژینه‌وه‌دا به‌پێی میتۆدی SWOT هه‌وڵ ده‌درێت ستراتێژییه‌کانی په‌ره‌پێدانی هه‌لی کار له که‌رتی کشتوکاڵ بدۆزرێته‌وه و پێشنیارگه‌لێک بۆ به‌کارهێنه‌رانه‌کردنیان ئاڕاسته بکرێت.  
 ئه‌م توێژینه‌وه‌یه چه‌شنێک ناسینه که به‌پێی ڕێڕه‌وی وه‌سفی-شیکاری به‌ڕێوه ده‌چێت و زانیارییه‌ پێویسته‌کان به شێوه‌ی به‌شدارانه کۆ ده‌کرێنه‌وه که هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌شداری لادێیی (PRA) و گرووپی چه‌قبه‌ستوو  (Focus Group) و هه‌روه‌ها په‌یمایش له‌ خۆ ده‌گرێت. کۆمه‌ڵگه‌ی هه‌ژماریی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه خاوه‌ن‌به‌رژه‌وه‌نده‌کانی لادێ‌کان، دێ‌یاران، شۆراکانی ئیسلامی(شه‌ش گۆندی شارستانی سنه) و کارناسانی به‌ڕێوه‌بردن له‌خۆ ده‌گرێت. ئامێری کۆکردنه‌وه‌ی زانیارییه‌کان له‌م توێژینه‌وه‌دا، ڕوانینی مه‌یدانی، وتووێژ و پرسیارنامه ده‌بێت. به‌رئه‌نجامه‌کانی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه ده‌توانێ پلانڕێژان و به‌رپرسانی ڕێکخراوه به‌ڕێوه‌بردنه‌کان یارمه‌تی بدات تاکوو ستراتێژییه‌کانی په‌ره‌پێدانی هه‌لی کار له که‌رتی کشتوکاڵی گۆنده‌کانی ئاماژه‌پێدراو بدۆزنه‌وه و دیاریی بکه‌ن.