ئەنجومەنی کۆمەڵناسیی کوردستان، بە هاوکاری توێژینگەی کوردستان­ناسیی زانکۆی کوردستان، فیلمی ڕێگا، بەرهەمی یەڵماز گۆنەی­یان بە دوو تەوەری "فاشیزم لەگەڵ ژیان و تورکیە لە کام ڕێگادا، کۆماری یا چۆڵەوانی"، بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان، دوکتۆر جەمال محەمەدی و دوکتۆر فواد حەبیبی، خستە بەر ڕەخنە و لێکدانەوە.

لە سەرەتادا دوکتۆر جەمال محەمەدی کورتەیەک لە فیلمەکەیان باس کرد و وتیان: ئەم فیلمە، سەربووردەی ٥بەندکراوە کە بۆ شێوەیەکی کاتی دەچنەدەر و تەنیا یەک کەس لەوانە رێگایەکی جیاواز دەگرێتەبەر کە ئەویش کوردە و لە جێی گەڕانەوەی بۆ بەندیخانە، پەنا دەبات بۆ کوێستان.

لە دواییدا دوکتۆر فوادحەبیبی، ڕۆیشتنە سەر هەڵسەنگاندنی فیلمی ڕێگا و بەراورد و هەڵسەنگاندنی لەگەڵ فیلمی دەربازبوون، لە دەرهێنانی شاوشنگ و سەرەتا و کۆتایی فیلمەکەیان تەنیا لایەنی جیاوازی ئەم دوانە زانی. بە جۆرێک کە فیلمی ڕێگا بە ڕۆیشتنە دەروە لە بەندیخانەکەیەوە دەست پێدەکات و فیلمی دەربازبوونی (رهایی) شاوشنگ، بە ڕۆیشتن بۆ ناو بەندیخانەکە.

هەروەها وتیان: فیلمی ڕێگا دەبێتە هۆی باشترناسینی کۆماری تورکیا و بە تێگەیشتن و گەیشتن بەم ڕادە لە ناسینە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕووداوە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا، وەکوو شتێکی ئاسایی لێی بڕوانرێت و ئەمە جێگای تێڕامان نییە.

بە وتەی دوکتۆر حەبیبی ئەم فیلمە کەشی تورکیا لە دەیەی ١٩٨٠ وێنا دەکات کە دەتوانرێت بۆ ڕاڤە و لێکدانەوەی ئەم فیلمە، کۆدەتای ئەم دواییانەی تورکیا، بخرێتە بەر سەرنج و باسەوە.

بەڕێزیان باوەڕیان لەسەر ئەوەیە کە مێژووی تورکیا بە کۆدەتاکانی یەک لە دوای یەکی، پیشانی داوە کە بەسەر چ بنەڕەتێکی میلیتاریستی­یەوە دامەزراوە و بەم پێیە لە کۆی فیلمەکەدا ئەم خاڵە بەرچاوە کە سەرجەم ئەو شتانە دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سەرەتایی و خاڵی یەکەمیش لێرەدا کۆماری تورکیەیە.

حەبیبی لە درێژەی قسەکانیاندا وتیان: وێنەکانی ئەم فیلمە بە دوای ڕەواندنەوەی ئەم بۆچوونەوەیە کە   کە بە بوونی وەها بەندیخانەیەکی کۆمەڵایەتی، ناتوانن کە بە شێوازێکی تاکەکەسی بە دوای ڕەهاییەوە بن و سەرجەم ئەو دەورگێڕانەی کە لە بەندیخانەکەدا دێنە دەرەوە، لە بەندیخانەیەکی گەورەتردا جێیان گرتووە.

هەروەها بەڕێزیان ئاماژەیاندا بەو هەلومەرجەی ڕۆژئاوا و ئەو کەشەی کە تورکیا دروستی کردووە،  و وتیان: یەکێک لە کەڵکەڵەکانی من لە ڕەوتی ئێستای تورکیا و ڕۆژئاوادا، جۆرەکانی شرۆڤاندنە بۆ تێگەیشتن لە بابەتە ناڕوون و دژوارەکان، بۆ وێنە وەکوو داشکاندنی چیرۆکەکە بە شێتێکی خوێنمژ یا بە جۆرێک لە مێردئەزمەکردنی جۆرێک لە سیاسیەت یا حیزبێکی تایبەت.

بە وتەی ئەوان، بابەتی هێمنایەتی و ترس لە هێمنی لە بابەتە هەتاییەکانی کۆماری تورکیایە کە لە سەردەمی دامەزراندنی ئەم وڵاتەوە تا ئێستا بوونی هەبووە و لە ڕێگای ئەم فیلمەوە بە باشی دەتوانرێت ئەمە ببینرێت.

لە درێژەدا سەرنج دەخەنە سەر نامەی سپینووزا و ڕاڤەیان لەسەر کۆماری و چۆڵەوانی و ئەو بابەتە لەگەڵ هەلومەرجی ئێستای ئەو وڵاتەدا لێکدەدەنەوە.

دوکتۆر محەمەدی لە درێژەی قسەکانیاندا کەسایەتییەکان، کەش و مۆنۆلۆگەکانی فیلمیان خستە بەر باس و لێکدانەوە و وتیان: باوک­سالاری یا پیاو سالاری لە فیلمەکەدا و لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی فیلمکەدا بە جوانی پیشان دەدرێن.

هەروەها لەمەڕ کەشی فیلمەکەوە وتیان: تەنانەت لە ئاواییەکی دوورە دەست جێ­پێی تۆتالیتاریزم و میلیتاریزم دەبینرێت و کەشێکی ترسێنەر وێنا کراوە.

محەمەدی بە ئاماژە بەوەی کە لە فیلمەکەدا وتووێژ بوونی نییە و تەنیا مۆنۆلۆگە، ئەو تەوەرەی کە هێنانینەوەی نموونە جۆراوجۆرەکان لە فیلمەکەدایە وتی: ئەمە دەربڕی کەشێکی باوک سالارانەی ناو کۆمەڵگایە.

بەڕێزیان لە درێژەدا وتیان: پەیوەندی دیالێکتیکی لە نێوان تۆتالیتاریزمی زاڵ و مێگەلیی تووڕەی کۆمەڵگایە و لە ڕێگای ئەم فاکتەر و خوێندنەوانەی نێوان فیلم ئێمە دەگەیەنێت بەو بابەتەی کە جیاوازییەک لە نێوان بەندیخانە و کۆمەڵگادا بوونی نییە و بەندکراوەکان لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ بەندیخانە نیگەران نین و جیاوازییەک لە نێوان دەرەوەی بەندیخانەدا بۆ ئەوان نییە.

دوکتۆر موحەمەدی هەروەها وتیان: لە دەورانی مۆدڕێڕندا و بە هاتنی ئاتاتۆرکیزم پڕۆژەی دەوڵەت- نەتەوە دروست کردن دەستی پێکرد کە ئەم پڕۆژەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا یانێ سەرکوت کردنی هەر ئەگەرێک کە بوونی هەیە.

بە بڕوای ئەوان فیلمەکە ئەوەمان پێ دەڵێت کە لە کۆمەڵگایەکی مێگەلیدا، قارەمان بوونی نییە و لە ئازادی ڕادەربڕین هەواڵێک نییە، بەڵکوو تەنیا ئێمە بەرەو خۆڕاگری و بیرکردنەوەیەکی قووڵ بانگهیشت دەکات، نە بەرەولای دروشم وتنەوە.

لە درێژەدا هەندێ پرسیار لەلایەن ئامادەبوانەوە ئاراستە و لە لایەن مامۆستایانەوە وەڵام درایەوە.

جێی ئاماژەیە کە یەڵمازگۆنەی دامەزرێنەری سینەمای کوردییە کە لە ساڵی ١٩٣٧ لەدایک بووە و لە ساڵی ١٩٨٤ یانێ دوو ساڵ دوای دروست کردنی فیلمی ڕێگا ژیانیان کۆتایی پێهاتووە. فیلمی ڕێگا بە پێی بۆچوونی خاوەن ڕایان، کارێکی سەرنج ڕاکێش و پیشاندەری دژوارییەکان و ئازارەکانی مرۆڤە. بە هۆی ئەوەی کە دەرهێنەری فیلمەکە کوردە، ئەو دژە ڕێسای مرۆڤەکان، چ لە لایەنی سیاسەت و چ لە لایەنی کۆمەڵگاوە دەکێشێتە نێوان کۆمەڵگای ستەم لێکراوی کوردی تورکیە.