ماڵپەڕی توێژینگەی کوردستان­‌ناسی دەبێتە مەکۆیەک بۆ پێشڤەچوونی زیاتری خوێندنەوە کوردییەکان.

توێژینگەی کوردستان­‌ناسیی زانکۆی کوردستان وەکوو ناوەندێکی گرنگی توێژینەوەیی بواری خوێندنەوە کوردییەکان، خاوەنی کارنامەیەکی ڕەنگین و دەستکەوتێکی بەنرخ و بە پێزە و ئەم ڕەوتی بەرەو پێشچوونە هەروا بەردەوامە و ڕۆژانە کار و چالاکی و بەرنامەگەلێکی زانستی تۆکمە، لە لایەن ئەم ناوەندەوە بەڕێوە دەچێت و بووەتە مەکۆیەک بۆ حەوانەی بیر و هزری توێژەران و کەڵک وەرگرتنیان لە تایبەتمەندییەکانی. جێی ئاماژەیە کە بوونی ناوەندێکی مەزنی لەم چەشنە، پێویستی بە ماڵپەڕێکی تایبەتە بۆ نیشاندان و ئاراستەکردنی ئەو زانیارییانەی کە گرنگە بخرێنە بەر دیدی ئەو کەسانەی کە کەڵک لەم ناوەندە زانستییە وەردەگرن.

 

ماڵپەڕی توێژینگەی کوردستان‌ناسی دەبێتە مەکۆیەک بۆ پێشڤەچوونی زیاتری خوێندنەوە کوردییەکان.

توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستان وەکوو ناوەندێکی گرنگی توێژینەوەیی بواری خوێندنەوە کوردییەکان، خاوەنی کارنامەیەکی ڕەنگین و دەستکەوتێکی بەنرخ و بە پێزە و ئەم ڕەوتی بەرەو پێشچوونە هەروا بەردەوامە و ڕۆژانە کار و چالاکی و بەرنامەگەلێکی زانستی تۆکمە، لە لایەن ئەم ناوەندەوە بەڕێوە دەچێت و بووەتە مەکۆیەک بۆ حەوانەی بیر و هزری توێژەران و کەڵک وەرگرتنیان لە تایبەتمەندییەکانی. جێی ئاماژەیە کە بوونی ناوەندێکی مەزنی لەم چەشنە، پێویستی بە ماڵپەڕێکی تایبەتە بۆ نیشاندان و ئاراستەکردنی ئەو زانیارییانەی کە گرنگە بخرێنە بەر دیدی ئەو کەسانەی کە کەڵک لەم ناوەندە زانستییە وەردەگرن. هەرچەند کە بە داخەوە لە رابردوودا نەبوونی ماڵپەرێکی تایبەت بە توێژینگەی کوردستانناسی، بەردەوام وەکوو کەلێنێکی بەرچاوی ئەم توێژینگەیە بووە کە نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئێستا بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە و لە دوای هەوڵ و تەقالایەکی بێ وچانی زۆری بەرپرس و ئەندامانی ئەم ناوەندە، ئەم کەلێنە پڕ کراوەتەوە و هەر بەم بۆنەوە لە ڕێکەوتی ٢٣/٨/١٣٩٨ لە ڕێوڕەسمێکی تایبەت و بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی کوردستان، لێژنەی سەرۆکایەتی زانکۆ، مامۆستایان، خوێندکاران، ئەندام و توێژەرانی توێژینگەی کوردستانناسی، پەردە لەسەر ماڵپەڕی سێ زمانەی توێژینگەی کوردستانناسیی زانکۆی کوردستان لادرا.

ماڵپەڕی توێژینگەی کوردستانناسی دەبێتە ڕێگایەکی پەیوەندی نێوان هۆگرانی خوێندنەوە کوردییەکان و توێژینگە

لە سەرەتای کۆڕەکەدا بەڕێز دوکتۆر بێهرووز چەمەن‌ئارا، وێڕای دەربڕینی سپاس و پێزانینی لەمەڕ هاتن و ئامادەبوونی میوانەکان، خۆشحاڵی خۆی لەمەڕ دانان و بە ئاکام گەیشتنی ماڵپەڕی توێژینگەی کوردستانناسی دەربڕی و وەکوو دەستکەوتێکی گرنگ و بایەخدار بۆ زانکۆ و توێژینگەی کوردستانناسی وەسف کرد.  سەرۆکی توێژینگەی کوردستانناسی، بە ناساندنی بەستێنی ئەم ماڵپەڕە، لە ژێر نیشانی ksi.uok.ac.ir دەستی کرد بە باسکردن و شرۆڤاندنی تایبەتمەندییەکانی و لە سەرەتای باسەکەیدا ئاماژەی کرد بە تایبەتمەندیی سێ زمانەی ئەم ماڵپەڕە کە بە سێ زمانی کوردی، ئینگلیزی و فارسی، کاری لەسەر کراوە و خراوەتە بەر دیدی هۆگران. بەڕێزیان لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی کرد بە سەرجەم تایبەتمەندییەکانی ماڵپەڕ و وتی: «ئێمە بۆ ئامادەکردنی ئەم ماڵپەڕە کەڵکمان وەرگرتووە لە لاپەڕەیەکی زۆر و هەوڵمان ئەوە بووە کە هەموو چالاکییەکانمان بە جوانی نیشان بدەن، ڕێگاکانی پەیوەندیمان ئاوەڵا بێت و سەرجەم ئەو کەسانەی کە لە توێژینگەدا کار دەکەن و چالاکییان هەیە، نیشان بدرێن و پڕۆژەکانی ئێستا و داهاتوو و ئەوانەی ڕابردوویشی لەسەر بێت، بە شێوازێکی ئەکتیڤ و بەڕۆژ بخرێتە بەر دیدی خوازیاران و ئەوانەی تامەزۆری کار و چالاکیی بواری خوێندنەوە کوردییەکانن».

بەڕێز چەمەن‌ئارا لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی کرد بە لاپەرەی یەکەمی ماڵپەرەکە و ڕایگەیاند: «لاپەڕەی یەکەمی ماڵپەڕ، بەشی تایبەت بە هەواڵەکانە و بە هێنانەوەی چەند نموونەیەک، ئەو بەشەیان  پیشانی ئامادەبوواندا». دانانی سەرجەم هەواڵی بەرنامە پێشووەکان و ئەوانەی کە بڕیارە لە داهاتوودا بەڕێوە بچێت، لە لاپەڕەی یەکەمی ئەم ماڵپەڕەدا بە جوانی دەبیندرێت و لە بەردەستدایە. بۆ یەکەم جار کەڵک وەرگرتن لە فیلم و ڤیدیۆ لەم ماڵپەڕەدا، لە تایبەتمەندییە هەرە بەرچاوەکانییەتی کە لەم بارەوە بەڕێز دوکتۆر چەمەنئارا وتی: «ئەم لاپەڕەیە دەبێتە شوێنێک بۆ ئەرشیڤ و دانانی ئەو ڤیدیۆیانەی کە تایبەتن بە کار و چالاکی و بەرنامە زانستییەکانی توێژینگەی کوردستانناسی و ئەم گرنگە دەبێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتێکی باش و لەبار بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی کە بە هەر هۆکارێک مەجالی ئەوەیان نییە بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ بەشداری بەرنامە و کۆڕەکانی توێژینگەی کوردستانناسی بن، و ئەمەیش دەبێتە هەلێکی باش بۆ کەڵک وەرگرتنی زیاتری خوازیاران لە کۆڕ و کۆبوونەوە زانستییەکانی ئەم ناوەندە».

بەڕێز دوکتۆر چەمەن‌ئارا لە درێژەی باسەکەیاندا ئاماژەیان بە بوونی کێشیەکی گشتگیری ناو زانکۆ کرد و وتی: «بە داخەوە نەبوونی سیستمێکی باشی دەنگیی و فیلم هەڵگرتن لە زانکۆدا، بووەتە هۆی ئەوەی کە کوالیتی بەرنامەکان و ئەو ڤیدیۆیانەی کە تایبەتن بەو بەرنامانە، ئاستیان بێتە خوارەوە و ئەمە بووەتە کێشەیەکی بەرچاو بۆ سەرجەم بەشەکانی زانکۆ و لە ناو ئەمانەیشدا توێژینگەی کوردستانناسی، کە ئاواتەخوازین ئەم کێشە و گرفتانە بەزوویی چارەسەر بکرێت و بتوانین بە باشی کەڵک وەربگرین لەو لێهاتووییانەی کە لە زانکۆدا بوونیان هەیە».

بەشی تایبەت بە ناساندن و دانانی کتێب و بڵاوکراوەکانی توێژینگەی کوردستانناسیی زانکۆی کوردستان، لە بەشە گرینگەکانی ئەم ماڵپەڕە بوو کە دوکتۆر چەمەن‌ئارا باسیان لەسەر کرد: «ئێمە لەم بەشەدا سەرجەم ئەو زانیارییانەی کە تایبەتن بە کتێب و بڵاوکراوەکان، دادەنێین و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم بەشەیش ئەوەیە کە هەرکەس خوازیاری کڕینی کتێبێک بێت، لە ڕێگای ئەم ماڵپەرەوە دەتوانێ پەیوەندی بگرێت و ئێمە لە ڕێگای پۆستەوە  ڕاستەوخۆ کتێبەکانیان بۆ بەڕێ کەین».

سەرۆکی توێژینگەی کوردستان‌ناسی لە درێژەی باسەکەیدا لایەنەکانی دیکەی ئەم ماڵپەڕەیان بەم شێوەیە ناساند: «بەشێکی دیکەی ئەم ماڵپەڕە سێ زمانە، تایبەت کراوە بە وێنەخانە و ئێمە لەم بەشەدا بژاردەیەک لە وێنەی بەرنامەکانی پێشووتر و ئێستای توێژینگە دادەنێن و دەتوانن بیانبینن، هەروەها بەشی تایبەت بە گرووپە توێژینەوەییەکانی توێژینگەی کوردستان‌ناسی، لە بەشەکانی دیکەی ئەم ماڵپەڕەیە و دەتوانن کە سەرجەم ئەو زانیاری و پێویستیانەی کە تایبەت کراون بە گرووپە توێژینەوەییەکان، لەوانە ناساندنی گرووپ، بەرپرسی گرووپ، ئەو کارگرووپانەی کە لە ژێربەشی گرووپە توێژینەوەییەکاندا کارا کراون و کار و پڕۆژەکانی ئەم بەشانە، فۆرم و سەرجەم ئەو زانیارییانەی کە تایبەتن بەو بەشە توێژینەوەییەوە بەدی بکەن».

 لاپەڕەی تایبەت بە کتێبخانە وەکوو بەشێکی گرنگی ئەم ماڵپەڕەیە کە بەڕێز چەمەن‌ئارا ئاماژەی پێکرد: «توێژینگەی کوردستان‌ناسی بە بوونی کتێبخانەیەکی گەورە و گرینگ بە شێوازی کتێب و بوونی بەشی تایبەت بە کتێبە دیجیتاڵییەکان، ڕۆڵێکی گرینگی هەیە و ئێمە لەم بەشەدا دەتوانین زانیاریی ئەو کتێبانەی کە لە توێژینگەی کوردستان‌ناسیدا بوونیان هەیە، بە شێوازی pdf دابەزێنین و بکەوێتە بەر دیدی خوێنەران. لەم بەشە لە وتەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵ و هەوڵەکانی هێژا حەسیبه سەییدی کرد و وتیان: بوونی هێژا سەییدی، بووەتە هۆی گەشەی زیاتری کتێبخانە و زانستی کتێبخانەیی و بە ئاکام گەیاندنی ئەم ماڵپەڕیشە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی بەڕێزیان و سەرجەم هاوکارانمان لە توێژینگەی کوردستانناسیی زانکۆی کوردستان».

بەڕێز چەمەن‌ئارا لە کۆتایی وتەکانیدا جەختی لەسەر ئەو بابەتە کردەوە کە: «هەوڵمانداوە سەرجەم ئەو کار و چالاکییانەی کە تایبەتن بە توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستان، لەم ماڵپەڕەدا جێگایەکی بۆ تەرخان بکەین و وەکوو ناوەندێکی توێژینەوەیی بتوانین ئەو کارانەی کە ئەنجامیان دەدەین، بیخەینە ناو ئەم ماڵپەرە و بەر دەستی هۆگران و خوازیارانی هێژا و بیرمەند. بەڕێزیان وێڕای سپاس و پێزانینیان بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی کە لە ڕەوتی ئامادەکردنی ئەم ماڵپەڕەدا هاوکاری و هەوڵیان نواندووە، ئاواتیان خواست کە ئەم بابەتە ببێتە هەلێکی گرنگ و کارامە بۆ پێشڤەچوونی هەرچێ زیاتری کار و چالاکییە توێژینەوەییەکان و لە ئاکامیشدا گەشانەوە و گەشەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی زانست و زانیاری و پێشڕەوتی خوێندنەوە کوردییەکان». 

جێی ئاماژەیە کە ئەم ماڵپەڕە لە لایەن گرووپی کارزان و بە سەرپەرشتی بەڕێزی ئەندازیار، مێسباح بینەندە و هاوڕێیانیان، کاری ئامادەکردن  و بە ئاکام گەیاندنیان لە ئەستۆ بووە و چووەتە بواری جێ‌بەجێ کردنەوە.