دووهەمین کۆڕی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی کتێب لە لایەن توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستان، لە سەر کتێبی «اصلاحات ارضی در کردستان» بە بەشداری نووسەری کتێبەکە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی چوارشەممە(٢٤ی ڕەزبەر) توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستان دووهەمین کۆڕی ڕەخنە و خوێندنەوەی کتێبی لە سەر کتێبی«اصلاحات ارضی در کردستان» بە بەشداری نووسەری کتێبەکە و ژمارەیێک لە ماموستایانی خاوەن ڕا و شارەزای بوارەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی بەڕێوە برد.

لە دەستپێکی کۆڕەکەدا، سەرەتا شەهین ڕەعنایی، نووسەری کتێبەکە سپاس و پێزانینی خۆی لە توێژینگەی کوردستان‌ناسی بە هۆی هەڵبژاردنی کتێبەکەی و ڕێکخستنی وەها کۆڕێک بۆ ڕەخنە و لێکدانەوەی ئەو کتێبە دەربڕی.

ڕەعنایی بە کورتی بابەت و ناوەرۆکی کتیبەکەی شی کردەوە و وتی: ئەم کتێبە لەمەڕ چاک‌سازی یاسای زەوی و زار لە کوردستان و کاردانەوەکانی لە بوارگەلی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری نووسراوە.

ئەو لە سەر هۆکاری گرینگی دان بەم بابەتە و نووسینی کتێبێک سەبارەت بەوە، ڕوونی کردەوە: پارێزگای کوردستان لە ساڵی ١٣٣٥ زۆرترین جەماوەری لادێیی لە خۆ گرتبوو بە شێوەیێک کە نزیکەی ٨٥ لە سەدی خەڵکی پارێزگا لە لادێیەکان دەژیان هەر بۆیە چاک‌سازیی یاسای زەوی و زار زۆرترین کاریگەرییان لە سەر ئەم پارێزگایە داناوە و کاردانەوەکانی ئەم گۆڕانکاریانە جێ سەرنج و تێڕامانە.

نووسەری کتێبەکە هەروەها دەڵێت: چالاکییەکانی حیزبە چەپەکان و ئەو گۆڕانکارییانەی بە هۆی چالاکی و ڕوانگەی ئەوانەوە لە کوردستان ڕووی دا، لەم کتێبەدا خراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

ئەو دەپرژێتە سەر بابەتەکانی دیکەی کتێبەکە و دەڵێت: پارێزگای کوردستان بە دوو بەشی باکوور و باشوور دابەش کراوە کە ئەم پرۆژەیە لە هەر کام لەم بەشانەدا بە شێوەیێکی جیا بەڕێوە چووە و لەم کتێبەدا جیاوازیەکان و هۆکارەکانی خراوەتە بەر باس.

ڕەعنایی لە سەر ئاکامەکانی جێبەجێ کردنی ئەم یاسایە لە کوردستان باسی کرد و وتیشی: ئەم یاسایە لە بوارگەلی جۆراوجۆری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ... کاریگەری لە سەر خەڵکی کوردستان دانا و لە هەندێ شوێنیش لە مەبەستی سەرەکی خۆی دوور کەوتەوە کە لە کتێبەکەدا بە وردی باسی لە سەر کراوە.

لە درێژەی کۆڕەکەدا، دوکتۆر حسەین دانش‌مێهر وێڕای سپاسی نووسەر بۆ گرینگی دان بەم بابەتە، ڕەخنەی لە هەندێ نووسراوەی کتێبەکە گرت و وتی: نووسەر پاش نووسینی دەستپێک، دەسبەجێ دەچێتە سەر وەسف کردنی دۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی و جوغرافیاییەوە، ئەمەش لە حاڵێک دایە کە کتێبەکە لە سەر چاک‌سازی یاسای زەوی و زار نووسراوە کە بابەتێکی گشتگیرە و لایەنی زۆر دەگرێتەوە هەربۆیەش نووسەر دەبوا سەرەتا ڕاڤەیێک لەو یاسایەی بخستایاتە بەردەستی خوێنەرەوە.

ئەو هەروەها مێتۆدۆلۆژی کتێبەکە دەخاتە بەر ڕەخنەوە و دەڵێت: مێتۆدی کتێبەکە زۆر تێکەڵاوە و دیار نیە نووسەر لە چ پارادایم و مێتۆدێک بۆ نووسین کەڵکی وەرگرتووە و دیار نیە کە ڕای خودی نووسەر لەم بارەوە چیە و ئایا تەنیا هەندێ زانیاری لەم بارەوە کۆ کردۆتەوە یان خۆشی لە گەڵی هاودەنگە؟

دوکتۆر دانش‌مێهر پێی وایە نووسەر دەبووا لە بەشی یەکەمی کتێبەکەیدا هەندێ زانیاری لە سەر دۆخی ئابووری کوردستان لە دەیەی ٣٠ بخستبایاتە بەر دەستی خوێنەرەوە چونکە خوێنەر دەیەوێ بزانێت بەر لە پێشڤەچوونی ئەم یاسایە، کوردستان لە چ دۆخێکی ئابووری دا بووە تاکوو بەم زانیاریانە بتوانێ سوود و زیانی ئەم کارە هەڵسەنگێنێت.

بەرپرسی گرووپیی توێژینەوەیی خوێندنەوە ستراتێژیکەکان و گەشەپێدانی توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستان بە ئاماژە بەوەی کە چاک‌سازی یاسای زەوی و زار لە ئێران هەندێ کێشە و گرفتی بەدواوە بووە، دەڵێت: نووسەر باسی ئەوە ناکات کە لە کوردستان دا ئەم کێشە و گرفتگەلە بە چ شێوەیێک و زۆرتر لە چ بوارێک دا بووە یان بە گشتی ئایا لە کوردستانیش ئەم کێشانە بووە یان نە؟

ئەو زیادی کرد: پیاوە ئایینیەکانی کوردستان لە گەڵ ئەم چاک‌سازییە‌دا هاودەنگ نەبوون و پێیان خۆش نەبوو جێبەجێ بکرێت، لە لایێکی تریشەوە زۆربەی لایەنگرانی ڕێبازی نەقشبەندی لە گەڵ ئەم چاکسازیە هاودەنگ بوون. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئەمانە چەندە کاریگەرییان بووە لە بە ئاکام گەیشتنی ئەم یاسایە کە لە کتێبەکەدا باسی لە سەر نەکراوە.

دوکتۆر دانش‌مێهر لە کۆتایی داوا لە نووسەر دەکات کە سەبارەت بە شێوازی کۆکردنەوە و چۆنیەتی دۆزینەوەی سەرچاوەکان و لێکدانەوەیان باس بکات.

ئارمان ئەکبەری دەرچووی بەشی مێژووش لە درێژەدا سەبارەت بەم کتێبە وتی: کتێبی «اصلاحات ارضی در کردستان»، یەکەم کتێبێکە کە لەم بوارەدا نووسراوە و لە ڕوانگەی مێتۆدۆلۆژی مێژووییەوە کارێکی گرینگە و لە هەموو سەرچاوەکان و تەنانەت لێکۆڵینەوەی مەیدانیش کەڵکی وەرگرتووە.

ئەو بە ئاماژە بەوەی کە لە کتێبەکەدا باسی چوون بەرەو دونیای سەرمایەداری دەکرێت، دەڵێت: ئەمە لە حاڵیک دایە کە نووسه‌ر هیچ ئاماژەیێک بە سەرچاوەی سەرهەڵدانی سەرمایەداری ناکات.

ئەکبەری هەروەها ڕەخنە لەوە دەگرێت کە لە کتێبەکەدا ئاماژە بە چۆنیەتی وەرگرتنی زەوین لە لایەن خەڵکی لادێی و ئیشی ئەوان لە زەوی و زاردا نەکراوە و ئەمە لە حاڵێک دایە کە لەو کاتەدا ٨٠ لە سەدی خەڵکی کوردستان لە دێهاتەکان دەژیان.

مەسعوود بینەندە، دوکتۆرای کۆمەڵناسی و کارناسی توێژینەوەیی توێژینگەی کوردستان ناسی زانکۆی کوردستایش لە درێژەدا وتی: ئەم کتێبە ئاکامی کارێکی توێژینەوەییە و کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوە و ئامارگەلی جۆربەجۆر بایەخی زۆرتری پێ بەخشیوە و دەتوانین بڵین خۆی بۆتە سەرچاوەیێکی گرینگ لە سەر چاک‌سازی یاسای زەوی و زار.

ئەو هەروەها ئەم کتێبە بە هۆی ئەوەی کە هەموو بوارەکانی لێک داوەتەوە، بە کتێبێکی جیاواز و سەرنج ڕاکێش دەزانێت و دەشڵێ: خوێنەر بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بە جوانی لە ڕەوتی تێپەڕ بوونی ئەم چاک سازیە تێدەگات و بۆی ڕوون دەبێتەوە.

بە وتەی دوکتۆر بینەندە نووسەر لە نووسینی ئەم کتێبە تووشی جۆرێک دابەزاندن بووە و پێ وایە هەموو ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە بە شێوەیێک پێوەندی دراوە بە چاک‌سازی یاسای زەوی و زارەوە.

ئەو هەروەها ڕەخنە لەوە دەگرێت کە هەندێ لە لێکدانەوە و ئاکامەکانی کتێبەکە یەک ناگرنەوە و بۆ ئەم ناتەباییەش وێنەیێک لە کتێبەکە باس دەکات.

لە دواهەمین بەشی کۆڕەکەدا، پاش ئاراستە کردنی هەندێ پرسیار لە لایەن بەشدار بووانەوە، شەهین ڕەعنایی، نووسەری کتێبەکە وڵامی دایەوە و سەبارەت بە ڕەخنەی ماموستایانیش وتی: لە زۆر شوێنی کتێبەکەدا بە هۆی ئەوەی سەرچاوە پێویستەکانم دەست نەکەوت، بەداخەوە بۆم نەکرا هەندێ بابەتی گرینگ بخەمە بەر باس و لێکۆڵینەوە و لەم بوارەدا ڕەخنەی ماموستایان لە کەمایەسییەکان، بە جێیە.

ڕەعنایی سەبارەت بە دروست بوونی ئامار و سەرچاوەکانیش ڕایگەیاند: بۆ ئەوەی لە دروست بوونی سەرچاوەکان دڵنیا بم، هەندێ بەڵگەم لە بەر دەست دا بووە کە لە گەڵ سەرچاوەکان بەراوەردیان کردم و بەم شێوەیە بۆم دەرکەوت ئەو سەرچاوانە بڕوا پێکراون و تەنانەت لە گەڵ کەسانی خاوەن ڕا و شارەزای ئەم بوارانەدا وت و وێژی پێویستم ئەنجام داوە.

شیاوی ئاماژەیە توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستان پێشتر یەکەمین کۆڕی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی کتێبی بە بەشداری ژمارەیێک لە ماموستایانی ئەو زانکۆیە لە سەر کتێبی «کردها و خاستگاه آنها» بەڕێوە بردووە.