ئەم گرێبەستە له لایەن دوکتۆر کەیوومەرس کەرەمی، جێگرایەتی توێژینەوە و تەکنەلۆژیای زانکۆی کوردستان و دوکتۆر ئەلیزابێت گرووسکا، جێگری زانکۆی یاگیلۆنیا واژۆ کراوە و لەسەر پەرەپێدانی هاوکاری و پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو زانکۆیە و بە تایبەت توێژینگەی کوردستانناسیی زانکۆی کوردستان جەخت کراوەتەوە.
ناردن و وەرگرتنی خوێندکار لە سێ قۆناغی کارناسی، ماستەر و دوکتۆرا، بە تایبەتی بۆ خوێندکارانی زمانی کوردی و لایەنگرانی لێکۆڵینەوە کوردییەکان، ناردن و وەرگرتنی مامۆستای میوان، بەڕێوەبردنی کۆڕ و سێمیناری زانستیی هاوبەش، لە خاڵە گرنگەکانی ئەم گرێبەستەیە.
جێی ئاماژەیە کە ئەم گرێبەستە، لە لایەن توێژینگەی کوردستانناسیی زانکۆی کوردستانەوە پێشنیار و بە یارمەتی و پاڵپشتیی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی کوردستان جێبەجێ کراوە.
لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕێسا و چۆنیەتی هەڵبژاردنی خوێندکار و مامۆستایان بڵاو دەکرێتەوە و لەمەڕ ئەم بابەتەوە زانیاری زیاتر دەخرێتە بەر دەستی خوازیاران.