کێشە و بابەتی مێژوونووسیی کوردستان، پرسێکی نوێ و مۆدێڕنە و زۆر باس  و ڕه‌هه‌ندی جیاواز به خۆوه ده‌گرێ. بێگومان تا ئێستا لەم بوارەوە کارێکی ئه‌وتۆ و بنه‌مایی نه‌کراوه بەڵام بە گشتی ڕەوتێکی تازە بۆ نووسینه‌وه و تۆمارکردنی مێژووی کوردستان له گۆشه‌نیگای جیاواز و به میتۆدێکی زانستییه‌وه هاتۆتە ئاراوه

کێشە و بابەتی مێژوونووسیی کوردستان، پرسێکی نوێ و مۆدێڕنە و زۆر باس  و ڕه‌هه‌ندی جیاواز به خۆوه ده‌گرێ. بێگومان تا ئێستا لەم بوارەوە کارێکی ئه‌وتۆ و بنه‌مایی نه‌کراوه بەڵام بە گشتی ڕەوتێکی تازە بۆ نووسینه‌وه و تۆمارکردنی مێژووی کوردستان له گۆشه‌نیگای جیاواز و به میتۆدێکی زانستییه‌وه هاتۆتە ئاراوه. تا ئێستا لە بواری مێژوونووسیدا تایبه‌ت به بابه‌تی قۆناغبەندیی مێژووی کوردستان پرسی زۆر هاتووەتە ئاراوە؛ وه‌کوو چۆنیەتی مۆدێرن بوونه‌وه‌ی کوردستان، چۆنیەتی سەرهەڵدانی ناسیۆناڵیزم له کوردستان و زۆر بابه‌تی دیکە که لە مشتومڕ و دیالۆگی نێوان کەسانێک وەکوو دوکتۆر عەباس وەلی و دوکتۆر ئەمیری حەسەنپووردا ورووژێندراوە. هه‌روه‌ها لەلایەن زۆر کەسی دیکەوە ئەمە وەکوو پرسیارێک هاتووەتە ئاراوە کە ئێمە  بە چ جۆریک قۆناغەکانی گۆڕانکاری لە مێژووی کوردستاندا بخوێنینەوە، ئایا بۆ نموونە لە سەدەی نۆزدەهەمدا ڕەوت و سەرهەڵدانی بزووتنەوەکانی کورد سەر بە شێخ و ئاغاکان له بازنه‌ی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ریتی و کۆنه‌پارێزانه‌دا ڕه‌چاو ده‌کرێن یان ڕەوت و بزووتنەوەگەلێکی نوێ و ناسیۆنالیستی و نەتەوەخوازانه بوون. ئایاکوو ئەم جوڵانه‌وانه پەچەکردارێک بوون لە هەمبەر جیهانی مۆدێڕن و گۆڕانکارییەکانی کوردستان یان مه‌یل و ئیراده‌یه‌کی گشتگیر بوون بۆ په‌یوه‌ست بوون به ڕه‌وتی نوێباوی جیهانییه‌وه. هه‌روه‌ها پرسیارگەلێکی دیکە وەک ئەوەی کە نەمان و داڕووخانی میرنشینە کوردییەکان چ کاریگەرییەکیان بووە، ئایا هۆکاری دەرەکی واتە ڕەوتی چەقبەستن و سێنتڕالیزه‌بوون لە ئێرانی سەفەوی و تورکیای عوسمانیدا فاکته‌ری سەرەکی داڕووخانی میرنشینە کوردییه‌کان بوون یا خود مێکانیزمێکی ناوخۆیی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەم قەبارە و پێکهاتانە چیدی نەیانتوانی لە هەمبەر دژایه‌تییه‌کانی دونیای مۆدێڕن خۆیان بگرن و جێگایان گۆڕییەوە بە شێواز و فۆرماسیۆنی کۆمەڵایەتی و سیاسی ‌تر. بە مەبەستی باسکردنێکی زیاتر و تۆکمەتر لەم بوارەوە و لە درێژەی بەڕێوەچوونی زنجیرە سێمینارە زانستییەکانی توێژینگەی کوردستان-ناسیی زانکۆی کوردستان، لە ڕێکەوتی ٤ بەفرانباری ١٣٩٨ و لە کاتژمێر ٣٠: ١١ بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان، دوکتۆر ئسیماعیل مەحموودی دوکتۆرای مێژوو بە تەوەری خەسارناسیی لەسەر ڕەوتی مێژوونوسیی کوردستان و بە ئاوڕدانەوە لەسەر سێ کتێبی شەرەفنامەی میرشەرەفخانی به‌دلیسی، بەهارستانی حوزنی موکریانی و میژووی کورد و کوردستانی ئیبنی سۆفی و هەروەها دوکتۆر بورهان تەفسیری دوکتۆرای مێژوو و توێژەری توێژینگەی کوردستانناسی بە ئاوڕدانەوەی لەسەر کتێبی کورد وکوردستانی ئایەتوڵا مەردۆخ و بە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە، بە بەشداری مامۆستایان، خوێندکاران و هۆگرانی ئەو بوارە، سێمیناری "مێژوونووسیی کوردستان" لە هۆڵی خەیامی کۆلێژی زمان و وێژەی زانکۆی کوردستان و بە میوانداریی توێژینگەی کوردستانناسی بەڕێوەچوو.


لە ڕەوتی نووسینی مێژوونووسیدا پێویست ناکات کە خوێنەر بزانێت نووسەر کێیە و لە چ هەلومەرجێکدا مێژووی نووسیوەتەوە
 

دوکتۆر بورهان تەفسیری وەکوو وتاربێژی یەکەمی کۆڕەکە، ئاوڕێکی دایەوە سەر کەسایەتی ئایەتوڵا مەردۆخ و وتی: «ئایەتوڵا مەردۆخ لە ساڵی ١٢٩٧ی کۆچی مانگی لە شاری سنە لە دایکبووە و لە تەمەنی دوانزە ساڵیدا باوکی بە ناو شێخ عەبدولموئمین کۆچی دوایی دەکات و دواتر بە پێی ئەمری فەرمیی ناسرەدین‌شا، دەبێت بە پێشنوێژی هەینی شاری سنە. لە تایبەتمەندییەکانی ئایەتوڵا مەردۆخ دەسەیاوییەتی بەسەر سێ زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و کوردی و زیاتر لە ٦٠ بەرگ کتێب و ڕیسالەی هەیە کە دیارترینیان لە ناو خەڵک و کۆڕە زانستییەکاندا، کتێبی مێژووی کورد و کوردستانە. ئایەتوڵا مەردۆخ ئەو کەسە دەبێت کە لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا ئامیری چاپ و بڵاوکردنەوە دەهێنێتە شاری سنە و هەر لەو کاتەدا ڕۆژنامەیەک لە ژێر ناوی "اتحاد" بڵاو دەکاتەوە کە بە داخەوە تا بە ئێستا ژمارەیەک لەم ڕۆژنامەمانە لە بەر دەست نییە کە بزانین شێواز و تایبەتمەندی چییە. ئەگەر لە ڕوانگەی بۆچوونی مێژوویی ئایەتوڵا مەردۆخەوە لە کتێبەکەی بڕوانین، لە لاپەڕەی ١٥دا باشترین شتێ بۆ ناسینی بۆچوون و ڕوانینی ئەم نووسەرە، خودی پێشەکی کتێبەکەیە کە دەڵێت:«چون اساس نظریه من بر کشف حقایق اوضاع کُرد است، اگر خوانندگان اعم از کُرد یا غیر کُرد به مطالبی بر بخورند که دلخواهشان نباشد، باید آزرده خاطر نشوند چرا که من می‌خواهم تاریخ بنویسم، نه اینکه از اشخاص یا از قبایل دلجویی کنم. تاریخ همین که مبنی بر نظریات باشد شاسیته مطالعه نیست و مورد بیم و امید نخواهد بود.» دوکتۆر تەفسیری لە ڕاڤەی ئەم دەقەدا ئەم بۆچوونەی بوو کە:«ئەم دوو قسەیە وەکوو مەکتەبی مێژوونووسیی زانستی باسی لەسەر دەکرێت کە کەسانێک وەکوو جۆرج نیکرافت، کارلایل مێژوونووسی سکۆتلەندیی مێژووی بەریتانیا و هیپۆلیت تان، کە مێژووی هاوچەرخی فەڕەنسا دەنووسێت، ئایەتوڵامەردۆخ بەم جۆرە قسەکانی ئەوان دەهێنێتەوە و ئەمە وەکوو پرسیارێکە کە ئایا لەگەڵ بەرهەمەکانی ئەم نووسەرانە ئاشنایی بووە یا نە، بەڵام کاتێک کە سەرنجی ئەم دەقە دەدەین ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئایەتوڵامەردۆخ قسەکانی ئەوان دەکات کە دەڵێن:« ئێمە گەرەکمانە کتێبێ مێژوویی بنووسین، پەس نابێت خوێنەر بزانێت کە من چ کەسێکم و لە کویا و لە چ هەلومەرجێکدا ئەم کتێبەم نووسیوە». ئایەتوڵا مەردۆخ لە پێشەکییەکەیدا بۆچوون و ڕوانینی خۆی بەرانبەر بە مێژوو و مێژوونووسی باس دەکات و دەیناسێنێت». 
لە درێژەدا دوکتۆر بورهان تەفسیری لەسەر فەلسەفەی بەدیهاتنی کتێبی کورد و کوردستان، ئاماژە بە بوونی سەرچاەیەک لەو بوارەوە دەکات و باسی وتارێک دەهێنێتەوە ئاراوە کە بۆ تێگەیشتن لە فەلسەفەی بەدیهاتنی کتێبی کورد و کوردستان نووسراوە ئەویش وتاری "رسولی، حسین، دهقانی، رضا، کریمی، رضا، سیاست‌های زبانی پهلوی اوّل در کردستان و پیامدهای آن، مجله مطالعات فرهنگی: تهران، 1395"  بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت:« لە ساڵی ١٣١٦ لە دەورەی ڕەزاشا، لەو کاتەدا بابەتێک ڕۆژەڤی باسەکانە کە ئایا بە پێی ڕەگەز کورد و فارس هیچ پەیوەندییەکیان هەیە یا نە، و ڕەزاشایش وەکوو کەسێکی پان-ئێرانیزم و باستانگەرا، دەیهەوێت بە نووسینی هەندێ کتێب لەم بارەوە ئەم بابەتانە بە جۆرێک کۆبکاتەوە هەر بۆ ئەم مەبەستە ٥٠ تمەن دیاری دەکەن و دەیدەن بە سێ نەفەر کە لەم بوارەوە هەندێ کتێب بنووسن و ئەم گرفتە بە شێوازێکی زانستی چارەسەر بکەن. ئەو سێ کەسە بریتین لە ئایەتوڵا مەردۆخ، مینۆرسکی کوردناسی شۆرەوەی، و ڕەشید یاسەمی کە خۆی کوردە و مامۆستای زانکۆیە لە تاران.  کە لە کۆتاییدا کتێبەکەی ئایەتوڵا مەردۆخ بۆ یەکەم جار و لە دەیەی پەنجادا بڵاو دەکرێتەوە». دوکتۆر تەفسیری بەهێنانیەوەی ئەوەی کە نەیتوانیوە پەیوەندیی ئەم دوو بابەتە بداتەوە لە یەکتری وتی:« بە ئەگەری زۆرەوە نووسینی ئەم کتێبە هەر لەو کاتەدا دەستی پێکردبی، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە ئەم دوانە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان پێکەوە بێت و نووسینی ئەم کتێبە لە زەینی ئایەتوڵا مەردۆخدا هەر لێرەوە سەرچاوەی گرتبێت». 
لە درێژەی قسەکانی کۆڕەکەدا دوکتۆر تەفسیری ئاوڕی لە خودی کتێبەکە دایەوە و وتی:« ئەمە کتێبێکی دوو بەرگییە کە بەرگێکی تایبەتە بە کورد لە دەورانی باستان و بەرگی دووهەمیش بە شێوازێکی بەرچاو مێژووی ئەردەڵانە. بەشی یەکەمی دووسەد لاپەڕەیەکە کە کاتێ دێتە سەر ماد و هخامەنیشییەکان هەندێ سەرلێشێواوی لە بابەتەکان هەیە کە ئەمە بە زۆری لەو بەشەیدا کە تایبەتە بە مادەکانەوە دەبیندرێت. بەشی بەرگی دووهەمی کتێبەکە کە تایبەتە بە مێژووی ئەردەڵانییەوە لە ڕوانگەی ناوەڕۆکەوە دەبێت بە دوو بەش تا ساڵ ١٣١٢ کۆچی مانگی و ئەو کاتەی کە ئایەتوڵا سێ ساڵە بووە بە پێشنوێژی شاری سنە و هەموویشمان دەزانین پێشنوێژی شارێک هەمیشە لە ڕۆژەڤی باس و خواستە سیاسییەکاندایە و ئەمە دەبێتە هەلێکی باش و گرنگ بۆ ئایەتوڵا مەردۆخ کە زۆرێک لەو بەڵگانە بکەوێتە بەردەستی و لێرەوە دەبینین پێش لەو مێژووە زۆر ئێرجاع نادات بەو ئامار و ئەرقامانەی کە پێویستە لە کتێبەکەیدا بوونی هەبێت. ئەمە تا ١٣١٢ وەکوو کۆپی کردنێک لە حەدیقەی ناسرییە دەر دەکەوێت کە ئەم بەشە هی خودی ئایەتوڵا مەردۆخ نییە و لەو کتێبە ناوبراوە گیراوە». 


گرنگترین تایبەتمەندیی مێژوونووسیی خۆماڵی، میژوونووسیی سیاسییە


دوکتۆر تەفسیری بۆ هەڵسەنگاندنێکی گشتی ئەم کتێبە، هەندێ لە تایبەتمەندییەکانی مێژوونووسیی خۆماڵی (سوننەتی) هێنایە ئاراوە کە بەم پێیە و بە لە بەرچاوگرتنی ئەم تایبەتمەندییانە دەر بکەوێت کە ئایەتوڵا مەردۆخ تا چ ڕادەیەک توانیویە ئەم گرنگە بپێکێت و وەکوو مێژوونووسێک لە زانست و زانیارییەکانی ئەو بوارە کەڵکی وەربگرێت، دوکتۆر تەفسیری بە باسکردنێکی زیاترەوە وتی:«گرنگترین تایبەتمەندیی مێژوونووسی خۆماڵی مێژوونووسیی سیاسییە و هەر بەم بۆنەوە خەڵکی ئێمە لە نووسینی مێژوونووسیی سیاسی پێگەیەکی بەهێزیان نییە و بگرە دەتوانین بێژین کە هەر بەشدارنین. لە تایبەتمەندییەکانی دیکە بابەتی علت و معلولی لە کارەساتەکانە و ئەمە لە زۆرێک لەو کتێبانەدا دەبیندرێت و نووسەرانیان تەنیا هەوڵ دەدەن بە پێی نووسینێکی کڕۆنۆلۆژی لە ڕووداوەکان بکۆڵنەوە. هەڵنەسەنگاندنی ئەم مێژوونووسانە لە سەرچاوەکانیان و کەڵک وەرگرتنیان ئەوە بووە کە کەمتر باری زانستی ئەم کتێبانەیان هەڵسەنگاندووە». سەبارەت بە تایبەتمەندی کتێبەکەی ئایەتوڵا مەردۆخیشەوە دوکتۆر تەفسیری ئەوەشی زیاد کرد کە:«سادە نووسی یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی باش و بەرچاوی کتێبەکەی ئایەتوڵا مەردۆخ کە مێژوونووسی مۆدێڕن و نوێ وەک کەسانێک وەکوو ئاغازادەی کرمانی خەریکن ڕێگایەکی سادەنووسی دەگرێتەبەر کە بەرەو زمانی خەڵکی دەروات و کتێبەکەی ئایەتوڵا مەردۆخیش ئەم تایبەتمەندییەی بە خۆیەوە بینیوە. یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کە مەردۆخ کەڵکی لێ‌وەرگرتووە ئەوەیە کە بەشێک لەو نوسینانەی ئەوە بووە کە خودی نووسەر لە ناو جەرگەی کارەسات و ڕووداوەکاندا بووە و توانیویە باسیان لێ بکات.»
دووهەمین وتاربێژی ئەم سێمینارە زانستییە دوکتۆر ئیسماعیل مەحموودی بوون. بەڕێزیان ئەو بابەته‌ی کە دیارییان کردبوو،  لە سێ بەشدا لە ژێر ناوی ڕەوتی مێژوونووسیی کوردی، پێناسەی سێ کتێبی شەرەفخانی بەدلیسی، کتێبێکی ئیبنی سۆفی و کتێبی غونچەی بەهارستانی حوزنی موکریانی و لە کۆتایی باسەکەیاندا خەسارناسییەکی مێژوونووسییەکی سوننەتی و مۆدێڕنی کوردیی هێنایە بەر باس و لێکدانەوە. دوکتۆر مەحموودی لە سەرەتای باسەکەیدا وتی:« هەموومان دەزانین ئەو مێژوونووسییەی کە ئەگەر ناوی بنێین مێژوونووسیی کوردستان ناوەند بەو واتایەی کە کوردستان بێتە ناوەندی باسەکە، لە سەرەتای هەزارەی دووهەمی کۆچی مانگی کە لە ساڵ‌ژمێری ئیسلامی سەرەتای هەزارەی دووهەم دەبێتە سەرەتای دەستپێکی مێژوونووسی کوردی و بۆ یەکەم جار کوردستان دەبێتە ناوەندی باس و مێژوونووسێک هەڵدەستێت و کوردستان دەکاتە ناوەندی باس و سەبارەت بە کوردستان دەنووسێت و ئەویش شەرەفخانی بەدلیسی لە ساڵی ١٥٩٦ی زایینیە». دوکتۆر مەحموودی ئاوڕی‌دایەوە سەر دەورانی دەسەڵاتداریی سەفەوییەکان و ئەو دەورانەیان وەکوو دەورانی زۆربوونی مێژوونووسی ناوبرد و وەکوو سەردەمێکی زێڕینی مێژوونووسی لە ڕووی کەمایەتییەوە ناوبرد. هەر لەم بارەوە دوکتۆر مەحموودی وتی: «شەرەفنامە سەروتارەکەی سەرەتای دابڕانە لە جۆری مێژوونووسی تەنات لە مێژووی ئیسلامیدا یانێ دەکرێت وەکوو سەرەتایەکی ڕوانینێکی کۆمەڵناسی و بەشێک لە ئەندێشە لێی بڕوانین و دەتوانین وەکوو سەرەتایەک لە سووننەتی مێژوونووسی کوردی لێ بڕوانرێت بەڵام بەداخەوە ٣٠٠ساڵ درێژەی کێشا و مێژوونووسیی کوردی نەتەنیا تووشی دابڕانێک بوو، بەداخەوە تووشی داڕمانیش بوو، دوای شەرەفخان ئێمە سوننەتێکمان لە مێژوونووسی کوردیدا هەیە کە ئەویش مەکتەبی ئەردەڵان بوو و نزیکی ٣٠٠ ساڵ کە مێژوونووسی کوردی کە بە شەرەفنامە دەستی پێکردبوو نزیک بە ٣٠٠ ساڵ چاوەڕوان بووین مێژوونووسیی کوردی ڕەوتێکی نوێ دەست‌پێ بکات، تووشی دابڕان و داڕووخانیش بوون چون ئەو سوننەتەی کە لە مێژوونووسی ئەردەڵانەوە دەست پێ‌دەکات و ئێمە لەو ماوەیەدا نزیک بە هەشت بەرگ کتێب لەوانە لب التواریخ خسروخانی ئەردەڵانی،مێژووی ئەردەڵانی مەستوورە، حەدیقەی ناسری، و تاریخ سلاتین هەورامان، سیرالاکراد، بەڵام لە کۆتاییەکان واتە سەردەمی ئەحمەدشا، مێژوونووسییەکمان هەیە بە ناو مێژووی کوردستان بەناوی ئیبنی سۆفی و ئەم مێژوویشە تا بە ئێستا کەس ئاوڕێکی لێ نەداوەتەوە و مێژوویەکی خەڵکییە بەو واتایەی کە بۆ یەکەمەجار لەو مێژووەدا خەڵکی بەشدارە و باسی خەڵکە و باسی دەسەڵات نییە و باسی ئەو دیاردە مۆدێڕنانەیە کە بۆ یەکەم‌جار دێتە ناو شاری سنە و باسی ڕووسییەکان و ئابووری و بە شێوەیەک مێژووی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی خەڵکی شاری سنەی ئەو سەردەمەی کە دەکرا وەکوو سەرەتایەکی دووبارە بۆ مێژوونووسی چاوی لێ بکرێت کە بە داخەوە تووشی پچڕان بوو و مێژوونووسی مەکتەبی ئەردەڵان لێرەدا کۆتایی دێت». دوکتۆر مەحموودی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە جۆرێکی دیکەی مێژوونسیی کوردی لە ژێر ناوی مێژوونووسیی نەتەوە تەوەر یا کورد تەوەر کرد و نموونەیەکیش بۆ ئەم باسیانە، نووسینی کتێبی غونچەی بەهارستانی حوزنی موکریانییە لە ساڵی ١٩٢٦ لە شاری حەلب کە و دواتر لە ساڵی١٩٢٩ بە نووسینی کتێبی خولاسەی مێژووی کورد و کوردستانی ئەمین زەکی بەگ درێژەی پێ دەدرێت و مێژوونووسی مۆدێڕنی کورد لەوێیەوە دەست پێ دەکات و لەو سوننەتە دادەبڕێت. دوکتۆر مەحموودی بە باسکردنێکی زیاتریان لەسەر کتێبی غونچەی بەهارستان وتی: «ئەم کتێبە بەرهەمی بیر و هزری منەوەرەکانی کوردە و بە نووسینی ڕۆژنامەی کوردستان لە ژێر کاریگەری بەشی ئیستەنبۆڵ دەست پێ دەکات و دواتر ئەو ڕۆژنامە و ئەو ئەنجومەنانەی کە ڕێدەخرێت، هەوڵێکە بۆ دروست کردنی نەتەوەیەک و ئەو هەوڵە تووشی کێشە دەبێت و لەلایەن ئاتاتۆرکەوە هەموو شتێک تەواو دەبێت و پرسی نەتەوەسازییەک کە لەو کاتەدا لەسەر دەستی منەوەرانی کورد دەست پێ‌دەکات، تووشی دۆڕان دەبێت و ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە ڕووی مێژوونووسییەوە غونچەی بەهارستان لەدایک بێت».


نووسینی شەرەفنامە، ئامانجێک بووە بۆ هێشتنەوەی ناوی میران و دەسەڵاتدارانی کورد


پێناسەی ئەو سێ کتێبە بەشیکی دیکەی قسەکانی دوکتۆر مەحموودی بوو کە یەکەم ئاوڕی دایەوە سەر کتێبی شەرەفنامە و وتی: «شەرەفخان خۆی یەکێکە لە خانەدانی گەورەی بدلیس و لە سەرەتای کتێبەکەی دەنووسێت کە ئامانجی من لە نووسینی ئەم کتێبە ئەوەیە ناوی ئەو دەسەڵاتدار و میرە کوردییانە بمێنێتەوە، کەواتە ئامانجی لە نووسینی ئەم کتێبە ئەوە بوو کە ناوی ئەو خانەدان و کەسانەی کە لە کوردستاندا دەسەڵاتدارییان بووە بمێنێتەوە. لای شەرەفخان، مێژوونووسی هونەرێکی شەریف و پیرۆزە و بۆچوونی بە نیسبەت مێژوونووسییەوە بۆچوونێکی ئایینیە، ئەمە ڕاستە کە دەقی سەرەکی شەرەفنامە دەقێکی مێژوونووسیی سوننەتییە بە واتای ئەوەی کە بەردەوام باسی دەسەڵاتداران دەکات و قسە لەسەر خەڵک نییە و باسێکی سیاسی نیزامییە، بەڵام پێشەکییەکەی ئەوەمان پێ نیشان دەدات کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی شەرەفخانی بدلیسی ئەندێشە هەیە و باسی کۆمەڵگای کوردی دەکات، باسی هۆکارەکان دەکات، ئەم پێشەکییە دەیتوانی کە لەسەری کار بکرێت و بێتە سەرەتایەک بۆ مێژوونووسیی کوردی و بەداخەوە کەوتە پەراوێز و ئەوکارە نەکرا». بە ڕای دوکتۆر مەحموودی شەرەفخان بۆ یەکەم‌جار لەسەر کۆمەڵەگای کوردی قسە دەکات کە پێی وایە  شتێک بە ناو ئەندێشەی یەکگرتن بوونی نییە و کورد ئەوەندە پەردەوازەیە کە تەنیا لە وشەی شەهادەدا یەک دەگرنەوە. 


                       دەتوانرێت شەرەفنامە وەکوو سەرەتایەک بۆ ڕوانینێکی کۆمەڵناسانە و دەروونناسانە لێی بڕوانرێت
 

دوکتۆر مەحموودی ئاماژەی کرد بە یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی شەرەفنامە و وتی:« شەرەفخان لە شەرەفنامەکەیدا باسی ئەوە دەکات کە عەقڵانییەت لەلای کورد بوونی نییە و کۆمەڵگای کوردی ئەو کۆمەڵگایەیە کە عەقڵ لە ناویدا غائیبە و بوونی نییە. لە ڕوانگەی شەرەفخان بدلیسی کۆمەڵگای کوردی ئەو کۆمەڵگایەیە کە بایەخ بە عەقڵ و عەقڵانییەت نادات. کەواتە بۆ یەکەم‌جارە کە لە مێژوونووسی بگرە ئێرانی ئیسلامیشدا بەو جۆرە و بە وردی باسی کۆمەڵگای خۆی بکات و هۆکارەکان باس بکات و ئەمە سەرەتای ڕوانینێکی کۆمەڵناسانە و ڕەوانناسانە بوو و دەکرا بێتە سوننەتێکی باش لە مێژووی مێژوونووسیدا و هەزار غەیبەتی ئێمە دیارەیەک نییە کە بتوانین بە ئاسانی لێی بگوزەرێین».  
کتێبی مێژووی کورد و کوردستانی ئیبنی سۆفی یەکەمین کتێبی بواری مێژوونووسییە کە تێیدا خەڵک بەشداری ڕاستەوخۆ و هەمیشەیی هەیە
دووهەمین کتێبێ کە دوکتۆر مەحموودی ئاوڕی‌ لێ‌دایەوە، کتێبی مێژووی کوردستانی ئیبنی سۆفی خەڵکی شاری سنە بوو کە لەسەر ئەم کتێبە وتی:« دەکرێت لەم کتێبشە وەکوو دیاردەیەکی باش لێی بڕوانین چون بۆ یەکەم‌جار لەو کتێبەدا باس لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی خەڵک دەکرێت و باسی ئابووری دەووژێنێت و باسی ئەوە دەکات کە خەڵک لەگەڵ قاتیدا چۆن ڕووبەڕوو بوونەتەوە و ئەو دیارە مۆدێڕنانەی کە بوونیان هەیە و پڕچەکردارەکانی خەڵکی شاری سنە بە جوانی نیشان دەدات و دەتوانین بڵێین کە کتێبی مێژووی کورد و کوردستانی ئیبنی سۆفی یەکەمین کتێبی بواری مێژوونووسییە کە خەڵک بەشداری ڕاستەوخۆ و هەمیشەیی هەیە و دەسەڵات لە پەراوێزەوەیە». کتێبی خونچەی بەهارستانی حوزنی موکریانی دوایین کتێبێک بوو کە دوکتۆر مەحموودی باسی لەسەر کرد:« حوزنی موکریانی دەچێتە حەڵەب و لە ژێر منەوەرولفکرانی ئیستەنبۆڵ و ئەو ڕێکخراوانەی تەعالی و تەرەقی و هیوا، هەوڵیان ئەوە بوو کە ئەمە بسەلمێنن کە نەتەوەیەک لە عوسمانی بوونی هەیە و جیاوازە، بەڵام لەبەر چەند هۆکار نەیانتوانی ئەوە بسەلمێنن کە لە کوردستانی تورکیە نەتەوەیەک بوونی هەیە و جیاوازە لە عوسمانی و ئەوە بوو کە ئەو بیروهزرە لە مێژوونووسیدا سەری هەڵدا و ئەوە و مافی خۆیشی بوو چون بنەڕەتی نەتەوە دروست کردن لە مێژوونووسیدا ڕەنگدانەوەی هەیە».
دوکتۆر مەحموودی ئاماژەی بە بەرهەمە نووسراوەکانی دیکەی حوزنی موکریانی کرد و ئەوەیان دەربڕی کە ئەم مێژوونووسە بێجگە لەم کتێبە، ١٦ بەرهەمی دیکەی هەیە کە تەواوی هەوڵی ئەوە بووە کە ئەمە بسەلمێنێت کە شتێک بە ناوی کورد بوونی هەیە. لە درێژەی قسەکانیدا هەندێ لە تایبەتمەندی ئەم کتێبەی باس کرد و وتی:«ئەم کتێبە ئامانجی بە پیرۆز کردنی نیشتمانە و پێویستە خۆشمان بوێت، بۆچوونی بە نیسبەت بە نەتەوە، بۆچوونێکی ئەزەلییە و دەیهەوێت ئەوە بسەلمێنێت کە کورد تەنیا نەتەوەیەک بوو کە هەر بووە و یەکەمین کەسانێک کە بوونەتە خاوەنی شارستانییەت، کورد بووە. ئەم کتێبە ئێمە ڕووبەڕووی هەندێ تورک دژی و عەرەب دژی دەبین و قسەکانی دەچێتەوە سەر ئەوەی کە کورد خاوەنی شارستانییەکی گەورە و بەنرخ بووە و ئەگەر ئێمە لە ئێستا کێشە و گرفت و خوو و ڕەوشتی نالەبارمان هەیە هەمووی بەرهەمی تورک و عەرەبە و ئەو دوو نەتەوە هیچیان بیچگە لە خراپی نەهێناوە. یەکێکی دیکە ڕابڕدووسازییە و گەرەکیە بێژێت کە ئەوەی کە کۆن و مێژووییە هەمووی بۆنی شارستانییەتی لێ دێت و تایبەت بە کورد و بەرهەمی کوردە. یادسڕینەوە یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کتێبەیە  بەو واتایەی کەسایەتی ئاینییەکان لێرەدا بە جۆرێکی ئامانجدار تووشی سڕینەوە دەبن و دەکەونە پەراوێزەوە و کەسایەتی گەلێک گەورە دەکرێنەوە کە بۆ نەتەوەسازی پێویستە و دەبێت بوونیان هەبێت». 

                  نەبوونی مێژوونووسییەکی ئەندێشەیی یەکێکە لە ڕەخنە جیددییەکانی بواری مێژوونووسیی کوردی
 

بەشی کۆتایی وتەکانی دوکتۆر مەحموودی، خەسارناسیی ئەو کتێبە بوو کە وتی:« لە ناو مێژوونووسی ئیمڕۆژی ئێمە تا بە ئێستا شتێک لە ژێر ناوی مێژوونووسی ئەندێشە بوونی نییە و هەرچێ کە هەمانە  مێژوونووسیی سیاسییە و ئەویش بە تەقلید لە چەن کەسێکی دیکە و چەند کتێبێکی دیکەی ئەورووپاییەکان، نەبوونی دەزگای مەفاهیممان لە مێژوونووسیماندا، ڕەخنەیەکی دیکەی ئەو بوارەیە کە ئێمە لە بەرانبەری سادەترین واتاکانەوە هیچمان نییە و بۆ هەموویان مێژوونووسین بەکار دەبەین و مێژوونووسانی ئاکادێمیکی ئێمە ئەونە زەحمەتیان بە خۆیان نەداوە کە لە بەرانبەری ئەم واتایانەوە هەندێ واتا و مەفهووم دروست بکەن، ئێمە دەزگای مەفهووم سازییمان نییە و هەمووی ئەمانەی کە هەمانە لەگەڵ ئەوانەی ڕۆژئاودا جیاوازە و هیچ واتایەکمان بۆ مێژوونووسیی کوردی نییە و هەموویمان لە ڕۆژئاوا گرتووە و ئەمانە هیچیان بە ئێمە ناخوات. نەبوونی دەوران بەندی یەکێکی دیکەیە لەو کێشانە کە هەرچێکمان هەیە هەموویمان لە ڕۆژهەڵات ناسەکانی وەکوو مینورسکی گرتووە و هیچ نوێگەراییەکمان لەو بەشەدا نەکردەوە و نازانین لە کوێیەوە پۆلێنبەندی بکەین.
کۆتایی ئەم کۆڕە هاوکات بوو لەگەڵ وەڵام و پرسیاری ئامادەبوان و ئەو باسانەی کە جێی پرسیار و لێکدانەوە بوو ورووژێندراو و وەڵام درایەوە.