بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکاریی زانستی -توێژینەوەیی، توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستان و ئەنستیتۆت کۆپێنهاگ، گرێبەستێکی هاوکارییان واژۆ کرد.

لە درێژەی بەرنامەی بە نێونەتەوەیی‌کردنی توێژینگەی کوردستان‌ناسی و زانکۆی کوردستان بە لە ژێر چاودێریی سەرۆکی زانکۆی کوردستان و بە یارمەتی نووسینگەی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی زانکۆ، توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستان و ئەنیستیتۆت کوردی کۆپێنهاگ کە وەکوو لقی فەرمیی ئەنیستیتۆت کوردی پاریس دێتە ئەژمار بە مەبەستی هاوکاری زیاتر،  گرێبەستێکی لێکتێگەیشتنی توێژینەوەیی‌‌-زانستی، فەرهەنگی و تەکنۆلۆجییان واژۆ کرد. 

ئەم گرێبەستە وەکوو گرێبەستێکی دوولایەنە لە نێوان دوو ناوەندی زانستیی ناوبراو، بۆ گەشەی زیاتری هاوکارییە زانستییەکانی نێوان هەردوولا و پێشڤەچوونی زیاتری زانستی و کەڵک وەرگرتن لە پۆتانسێڵەکانی یەکتر، چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە. 

ئاڵوگۆڕی مامۆستا، خوێندکار، لێکۆڵەر و فەرمانبەر، بە مەبەستی خوێندن، لێکۆڵینەوە و بەشداری لە کارگای فێرکاری، سەمپۆزیۆم و کۆنفرانسی نێونەتەوەیی؛ بڵاوکردنەوەی کتێب، گۆڤار و وتاری هاوبەش و دوولایەنە؛ بەڕێوەبردنی سێمینار، کۆنفرانس و کارگای فێرکاری؛ پێکهێنانی بەستێنێکی شیاو بۆ دەستەبەرکردنی ئاسانکاریی خوێندن، بۆ خوێندکارانی خوێندنی باڵا ( ماستەر و دوکتۆرا) لە خاڵە گرنگەکانی ئەم گرێبەستە دوولایەنەیە کە هەر دوو ئەنستیتیۆت بەڵێنی بەجێهانیان داوە.

لە درێژەی پڕۆسەی نێونەتەوەیی‌سازی، جگە لە بەڕێوبردنی چەند کۆڕ و کۆبوونەوە، وێبینار و سمیناری زانستیی نێونەتەوەیی، توێژینگەی کوردستان‌ناسی پێشتر چەند گرێبەستی دیکەی لەگەڵ ناوەندگەلی کوردستان‌ناسیی زانکۆی یاگیلیۆنیانی پۆلەند،  ئەنیستیتۆتی کەلەپووری کوردی - سلێمانی، بنکەی ژین- سلێمانی و هەروەها ئەنیستیتیۆتی نێونەتەوەیی بۆ لێکۆڵینەوەی کۆمەڵگای کوردی - ئەڵمانیا واژۆ کردووە.