کتێبێ "فەرهەنگی ڕێژنە" تایبەت بە دەنگ و دەنگەناوی کوردی بە هەوڵ و تێکۆشانی چەندساڵەی توێژەری بانەیی، عەبدولخالق تەوەکولی، لەلایەن توێژینگەی کوردستان‌ناسی و پەخشانگای زانکۆی کوردستانەوە چاپ کرا. 

 

ئەم فەرهەنگە جیا لە کۆکردنەوەی زیاتر لە چوارهەزار دەنگەناوی کوردی کە دەیکاتە یەکێک لەو کتێبە ناوازانەی تا ێستا لەم بوارەدا چاپ کراون هەندێ تایبەتمەندیی تریشی هەیە کە بایەخ و گرینگایەتییەکەی زیاتر دەکات. هەندێک لەم تایبەتمەندییانە ئەمانەن: 
۱- بەپێی ئەلفوبێی دەنگناسیی نێونەتەوەیی (IPA) دەنگ‌نووسی بۆ کراوە کە دەبێتە هۆی ئەوە هەرکەسێک لە هەر شوێنێکی دنیا، بزانێ وشەیەک چۆن لە لایەن ئاخێوەرانیەوە دەبێژرێت واتە شێوەی دەربڕینی دروستی وشەکە دیاری دەکات.
۲-  هەر لەم بوارەدا، بەپێی شێوەیەکی نوێباوی فەرهەنگ‌نووسی لە جیهاندا، لە نێوانی بڕگەکاندا "خاڵ" دانراون تا بزانرێ هەر وشەیەک چەند بڕگەیە. واتە ژمارەی بڕگەکانی هەر وشەیەک بەپێی فورموولی "ژمارەی بڕگە= ژمارەی خاڵ + ۱" دیاری دەکات. بۆ میناک وشەیەک وەک "han.ka.hank" سێ بڕگەیە کە ئەم تایبەتمەندییەش یارمەتیی خوێنەران دەدات کە وشەکە بەدروستی دەرببڕن.
۳- تایبەتمەندییەکی تریش ئەوەیە جیا لە  ڕیزبەندیی ئەلف‌وبێیی، بە پێی "بابەت"یش پۆلێن‌بەندی کراوە کە ئەمیش یارمەتیی خوێنەران و توێژەران و بەتایبەت وەرگێڕەکان دەدات بۆ هێنانی دەنگێک لە ناو دەقەکانیاندا، بەسانایی بتوانن دەنگەکە بدۆزنەوە و بینووسن. 
هەروەها هەم کۆکەرەوە و هەم نڤیسیار پێشەکییەکی کورتیان سەبارەت بە چۆنیەتی و ڕەوتی کارەکەیان نووسیوە کە یارمەتیی خوێنەر دەدەن لە مەبەستی کارەکە و لە چۆنیەتی دانانی خشتەی IPA تێبگات.
هەرچه‌ند کۆکەرەوە هەوڵی داوە بە گەڕان بە کتێب و ژێدەری بەربڵاودا و هەروەها بە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا زۆربەی ئەو دەنگانەی هەن کۆ بکاتەوە، بەڵام خەرمانی فەرهەنگ و زمانی ئەوەندە بەپیتە کە خوێنەر هەست ئەکات جێی کاری تریش هەر هەیە و ئەم کتێبە جێگەی دەنگەناوی تریش ئەبێتەوە. بەو هیوایەی توێژەر خۆی یان توێژەرانی تر، ئەم بینایەی فەرهەنگی کوردی پتەوتر و قایمتر کەن. 
خاڵێکی لاوازی ئەوەیە کە بەداخەوە نرخی لە سەر دانەنراوە.