«توێژینەوەنامەی وێژەی کوردی» وەک یەکەمین و تاقە گۆڤاری زانستیی دانپێدراو لە بواری زمان و ئەدەبی کوردی لە ئێراندا، دوابەدوای سەرکەوتنی ئەم دواییەی لە چوونە ناوی ڕەوتی هەڵسەنگاندنی لێژنەی گۆڤارە زانستییەکانەوە، توانی 516 خاڵ بە دەست بهێنێ و بەم بۆنەوە لە لایەن بەڕێوبەرایەتیی سیاسەتدانان و پلاندانانی توێژینەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێرانەوە پلەی "ج"ێی پێ بەخشرا.
«توێژینەوەنامەی وێژەی کوردی» بە شێوەی دوو وەرزنامە لە ژێرچاودێری توێژینگەی کوردستانناسی زانکۆی کوردستانەوە بڵاوە دەکرێتەوە. ئەم دوو وەرزنامەیە بە "ژ.س.خ"ی 3657 – 2645 ی کتێبخانەی نیشتمانی ئێران و ژمارە مۆڵەتی 14844/89 ی وەزارەتی ڕۆشنبیری بڵاوە دەکرێتەوە. چەندین کەسایەتیی ناوداری ئاکادێمیک ئەندامن لە دەستەی نووسەران و بۆردی هەڵسەنگێنەرانی گۆڤارەکەدا.
«توێژینەوەنامەی وێژەی کوردی» لە لایەن چەندین ناوەندی نوانەسازی و ئاماژەپێویی ناوەوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نوانەکراوە و بەم زووانەش لە لایەن ISCیەوە پەسەند دەکرێت. ئەم دوو وەرزنامە وتاری توێژینەوەیی بە دوو زمای فارسی و کوردی لە بواری ئەدەبی کوردی یان ئەدەبی بەراوردکاری کوردی و زمانەکانی دیکە بڵاو دەکاتەوە و لە وەرگرتنی هەر چەشنە توێژینەوە لەسەر بابەتی زمان و ئەدەبی کوردی پێشوازی دەکات.
لە ئێستادا دە ژمارە لەم وەرزنامەیە لە سەرماڵپەڕی گۆڤارەکە ( jokl.uok.ac.ir ) لە بەر دەست دایە.