خەڵاتی عەبدولخالق مەعرووف بۆ توێژینەوە ئەمساڵ لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژدا بە دکتۆر بەختیار سەجادی، پرۆفێسۆری هاوکاری زمان و وێژەی ئینگلیسی و سەرۆکی پێشووی بەشی کوردیی زانستگای کوردستان و ئەندامی کارای بەشی زمانناسی و وێژەی کوردی توێژینگەی کوردستانناسی پێشکەش دەکرێت.
لێژنەی باڵای فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ لە سلێمانی، خەڵاتی تایبەتی خۆی لە ساڵی 2021 پێشکەش دەکاتە دکتۆر بەختیار سەجادی، ئەندامی لیژنەی زانستیی زانستگای کوردستان و ئەندامی کارای بەشی زمانناسی و وێژەی کوردی توێژینگەی کوردستانناسی. ئەم خەڵاتە کە هەموو ساڵێک بە توێژەرێک دەبەخشرێت، ئەمساڵ بە ناوی لێکۆڵەری کۆچکردووی کورد، عەبدولخالق مەعرووف، ناو نراوە. خەڵاتی ئاماژەپێکراو بە هۆی خزمەت و لێکۆڵینەوە بەنرخەکانی دکتۆر سەجادی بە کۆمەڵگای زانستی و ڕووناکبیریی کوردستان، لە بەشی تایبەتی بیست و چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ پێشکەشی بەڕێزیان دەکرێت.
دکتۆر بەختیار سەجادی مامۆستای زمان و وێژەی ئینگلیسی و بەرپرسی یەکەمین و تاقە گۆڤاری زانستیی دانپێدانراوی ئێرانە کە بە زمانی ئینگلیزی و سەبارەت بە ئەدەبی ئینگلیسی و ڕەخنە و تیۆریی ئەدەبی دەردەچێت. ناوبراو ئەندامی کارای بەشی زمانناسی و وێژەی کوردی توێژینگەی کوردستانناسییە و دەوری سەرەکی گێڕا لە وەرگرتنی پلەی زانستی بۆ "توێژینەوەنامەی وێژەی کوردی" وەک تاقە گۆڤاری زانستیی بواری ئەدەبی کوردی کە دانپێدانراوی وەزارتی خوێندنی باڵایە.
شیاوی ئاماژەیە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ لە ساڵی 1996ەوە تا ئێستا هەموو ساڵێک بە بەشداری ئەدیبان، شاعیران، وەرگێڕان و ڕەخنەگرانی وڵاتە جۆربەجۆرەکانی جیهان، ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق لە چەندین بەشی جۆربەجۆر لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت. لە ڕۆژی کۆتایی فێستیڤاڵەکە، کەسانی هەڵبژاردەی هەموو بەشەکان دەناسێندرێن و خەڵات دەکرێن. بیست و چوارەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ ئەمساڵ لە ڕۆژانی 25 تا 27ی مانگی مەی لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت.