لە درێژەی زنجیرە وێبینارەکانی توێژینگەی کوردستانناسی بۆ حەوتەی کتێب، وێبیناری "ئەزموونەکانی کۆکردنەوە و ڕاستکردنەوەی دەسنووسەکان" بە بەڕێوەبەرایەتی دوکتۆر ئەمیر محەمەدی پسپۆڕی دەسنووس و بەڵگە مێژووییەکان و هەروەها بە بەشداری محەمەد عەبدولی بەڕێوەبەری گۆڤاری کەشکۆڵ و ئیرەج مورادی توێژەری بواری دەسنووسی کوردی بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای ئەم وێبینارە محەمەد عەبدولی وێڕای ڕاڤە کردنی دەسنووس و جیاوازییەکانی لە گەڵ دیکەی دەقە نووسراوەکان، وتی: بە پێی واتایەک کە یونێسکۆ بۆ دەسنووسی داناوە دەقێک بە دەست نووسرابێت و سەحافی کرابێت و زیاتر لە ١٠٠ ساڵ تەمەنی بێت، دەسنووس دێتە ئەژمار بەڵام شێوە ڕوانینی یونێسکۆ بۆ ئەم چەمکە ڕوانینێکی مۆزەیی و عەتیقەییە.
جیاوازی واتای دەسنووس لای کوردەکان
بەڕێوەبەری گۆڤاری کەشکۆڵ وتیشی: ئەگەر چاو لە پێشەکی کاری ئەو کەسانە بکەین کە لە ناو کورددا کاری کۆکردنەوەی دەسنووسیان کردووە، بۆمان دەردەکەوێ کە واتای دەسنووس لە ناو ئێمەدا لە گەڵ واتا جیهانییەکەیدا جیاوازە.
ناوبراو ڕوونی کردەوە: جیاوازییەکەش ئەوەیە چونکوو لە لای ئێمەدا هیچ ناوەندێکی پێوەنددار بە ئەرشیڤ و کۆکردنەوەی دەسنووس نەبووە و هەموو دەسنووسەکانمان کەوتۆتە سەر تاقە و ڕەفەی مزگەوت و حوجرە و قەراخ و قوژبنی ماڵەکان، بۆیە واتای دەسنووس لە کوردەواریدا خۆماڵیترە و هەر شتێک بە دەست نووسرابێت و لە سەر کاغەز بێت و بڵاو نەبووبێتەوە، پێی دەڵێین دەسنووس.
عەبدولی لە درێژەشدا باسی تایبەتمەندییەکانی دەسنووسی کوردی کرد و ڕوونی کردەوە: دەسنووسە کوردییەکان بە گشتیی دوو تایبەتمەندییان لە بواری ناوەرۆک و ڕواڵەتەوە هەیە.
ناوبراو وێڕای ئاماژە بەوەی کە زۆربەی دەسنووسە کوردییەکان داگری مێژوو، جوغرافیا، ئەدەبیات، ئایینەکان و زمانی عەرەبی بووە، ڕوونی کردەوە: ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگای کوردەواری لە دەسنووسە کوردییەکاندا دەبینرێت و ئەمەش تایبەتمەندی دەسنووسە کوردییەکان لە بواری ناوەرۆکە.
بەڕێوەبەری گۆڤاری کەشکۆڵ ئاماژەی بە تایبەتمەندی ڕواڵەتی دەسنووسە کوردییەکانیش کرد و وتی: بەداخەوە کوردەواری ئێمە لە رابردوودا زۆر پێوەندی بە ناوەندەکانی کۆکردنەوەی دەسنووسەکان نەبووە و هەر ئەمەش کێشەی زۆری دروست کردووە.
ئەو وێڕای ئاماژە بەوەی کە کۆنترین دەسنووسەکان هی ئەحمەد خانی و فەقی تەیران بوون، وتی: بەختەوەرانە بەشی زۆری دەسنووسی ئەم کەسانە لە لایەن ئەلێکساندێر ژاباوە ڕاگوێزراونەتەوە و لە ئەنێستیتۆی نێودەوڵەتی سەن پێتێرزبورگ دەپارێزرێن.
عەبدولی هەروەها باسی خەسارەکانی بواری دەسنووسی کوردی کرد و ڕایگەیاند: ئەو هەوڵ و چالاکیانەی لە سەر دەسنووسی کوردی دەدرێت پۆلێن بەندی کراوە و یەکەم هەنگاو دۆزینەوە، بەشی دووهەم ناساندنی دەسنووس و بەشی سێهەمیش ساغ کردنەوەی دەسنووسە و هەرکام لەم قۆناغانە خەساری تایبەت بە خۆی هەیە.
ئەو متمانە نەکردنی خەڵک بۆ دانی دەسنووسەکان بە توێژەران، نەبوونی پسپۆڕ و نووسەری بەتوانا بۆ ناساندنی دەسنووسەکانی وەکوو خەسارەکانی ئەم بوارە ناو برد و داوای لە ماموستایان و پسپۆڕان کرد ئاوڕدانەوەیان هەبێت لە دەسنووسەکانی کوردەواری.
 لە درێژەشدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی خۆی لە بواری کۆکردنەوەی دەسنووسە کوردییەکان کرد.

خەسار و لەمپەرەکانی بواری کۆکردنەوە و راستکردنەوەی دەسنووسەکان

لە درێژەشدا ئیرەج مورادی باسی ئەزموونەکانی خۆی کرد و وتی: میراتی نووسراوی ئێمە هەموو کات لە لای ماموستایان و لە مزگەوتەکاندا هەڵگیراون و زۆر بە دەگمەن کەوتوونەتە دەستی کەسانی نەخوێندەوار.
ئەو  ویڕای ئاماژە بەوەی کە وەرگرتنی متمانەی خەڵک بۆ ئەوەی دەسنووسەکان بخەنە بەر دەستی توێژەران پێویستە، ڕوونی کردەوە: ناساندنی دەسنووسەکان دەبێتە هۆی دڵخۆشی بنەماڵەی خاوەن دەسنووسەکان و خەڵکی ئەو شوێنەی کە دەسنووسەکەی تیدا بووە.
مورادی ڕوونی کردەوە: زۆربەی دەسنووسە کوردییەکان دەڕۆنە خانەی شەرعی و ئایینییەوە و کەمتر زانستی بوون و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە ئەوانەی هاتوونەتە ئەم بوارەوە، حەزی ئەدبیات و مێژووییان بەهێزتر بووە.
ئەم توێژەرەی بواری دەسنووس سەبارەت بە لەمپەرەکان و بەربەستەکانی ئەم بوارەش ڕایگەیاند: نەبوونی ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی دەسنووس لە کوردستان، کۆ نەبوونی هەموو دەسنووسەکان لە شوێنێک و نەبوونی تیمێکی پسپۆڕ بۆ ناسین و کۆکردنەوەی دەسنووس لە خەسارەکانی ئەم بوارەیە.
ناوبراو لە درێژەشدا باسی تەنگ و چەڵەمەکانی ئەم ڕێگایەی کرد و ئەزموونەکانی خۆی گێڕایەوە و لە سەر بەرهەمەکانی خۆی هەندێ باسی پێشکەش کرد.
لە کۆتاییشدا بەشداربووان هەندێ پرسیاریان ئاراستە کرد کە لە لایەن میوانانی وێبینارەکەوە وڵام درایەوە و شرۆڤە کرا.