لە درێژەی زنجیرە بەرنامەکانی حەوتووی کتێب لە توێژینگەی کوردستان‌ناسی زانکۆی کوردستان، وێبیناری «ئەزموونەکانی فەرهەنگ‌نووسیی کوردی» بەڕێوە چوو.
وێبیناری «ئەزموونەکانی فەرهەنگ‌نووسیی کوردی» بە بەڕێوبەرایەتی دوکتۆر مەسعوود بینەندە، بەرپرسی بەشی توێژینەوەیی توێژینگەی کوردستان‌ناسی و بە بەشداری مامۆستا عەلی نانەوازادە ، توێژەری بواری فەرهەنگ‌نووسی کوردی، ڕۆژی یەکشەممە 30ی خەزەڵوەر، لە لایەن توێژینگەی کوردستان‌ناسی زانکۆی کوردستانەوە بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای ئەم وێبینارە، دوکتۆر مەسعوود بینەندە وەکوو بەڕێوەبەر، بەرهەمەکانی عەلی نانەوازادەی ناساند و کتێبی ڕیشەی وشەی کوریی کە لە ٦ بەرگدا چاپ و بڵاو کراوەتەوەی وەکوو باشترین بەرهەمی ناوبراو ناساند.
لە درێژەشدا عەلی نانەوازادە پێشەکییەکی لە سەر ئەزموونەکانی خۆی پێشکەش کرد و وتی: ماوەی ٣٠ ساڵ لە سەر ئەو بەرهەمانە کارم کردووە بەڵام ١٢ ساڵ بە شێوەیەی چڕوپڕ لە سەر بەرهەمی ڕیشەی وشەی کوردی کارم کردووە.
ناوبراو باسی قەرزگرتن لە زمانی کرد و وتیشی: هەموو زمانەکان قەرزگرتنیان هەیە و ئەمە ڕەوتێکی ئاساییە و تایبەت بە زمانی کوردی نییە بەڵام هەندێ کەس پێیان وایە زمانی کوردی لە زمانەکانی دیکە قەرزی نەگرتووە و هەموو وشەکان بە گشتی کوردین کە ئەمە هەڵەیە.
نانەوازادە هەروەها باسی چۆنیەتی دۆزینەوەی ڕیشەی وشەکانی کرد و وتی: جگە لەوەی کە بە پێی یاساکانی ریشەناسی، بەدوای ڕیشەی وشەکانەوە بووم، هەوڵم ئەدا پشکنین بۆ هەموو وشەکان بکەم.
ئەم توێژەرە وێڕای ئاماژ بەوەی کە هەندێ لە وشەکان قفڵ کراون، ڕوونی کردەوە: کردنەوەی ئەو وشانە پێویستی بە کۆد هەیە و کۆدەکانیش زانینی یاسای ئاڵوگۆڕی دەنگەکان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە و لە زاراوەیەکەوە بۆ زاراوەیەکی دیکەیە. هەتا کۆدی ئەم وشانە دەست نەکەوێ، ناکرێ لە بنچینەی ئەوانە تێنگەین.
نانەوازادە پێی وایە ریشەناسی یارمەتییەکی یەکجار زۆر ئەدات و وەکوو ئاسانکارییەکە بۆ ناساندنی وشەکان، بەڵام دەبێ بە شێوەیەکی زانستی وشەکان لێک بداتەوە.
ماموستا عەلی نانەوازادە ڕایگەیاند: فەرهەنگنووس دەبێ بۆ شیکردنەوەی وشەکان پێڕەوی نەخشە و مێتۆدێک بێت، من هەوڵم داوە سەرەتا ئاماژە بەوە بکەم کە وشەکان لە کوێوە هاتوونەتە نێو زمانی کوردییەوە، پاشان لە باری ڕێزمانییەوە وشەکان لێک دراونەتەوە، پێناسە، واتای وشەکان، وێنە و هەروەها شێوازی گەشەکردنی وشەکان لە دیکەی بەشەکانی فەرهەنگەکەیە.
ئەم توێژەرە باسی هەوڵەکان بۆ جیاکردنەوەی زاراوەکانی زمانی کوردی کرد و وتی: ئاگاداربوون لە ڕیشەی وشەکان و شێوەی گەشەسەدنیان دەبێتە هۆی تێگەیشتن لە ئاڵوگۆڕی وشەکان وهەروەها یارمەتیدەری بواری زاراوەسازیش دەبێت.
ناوبراو سەبارەت بە خەسارناسی فەرهەنگە کوردییەکانیش وتی: هەموو ئەو فەرهەنگانەی تا ئێستا چاپ کراون، پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە و دەبێ ناوەندێکیش هەبێت بۆ ئەوەی نڤیسیاری ئەوانە لە ئەستۆ بگرێت. 
نانەوازادە ڕوونی کردەوە: تەنیا لە ڕێگای ئاڵوگۆڕی دەنگەکانەوە دەتوانین بزانین وشەیەک هی چ زمان و زاراوەیەکە یان لە چ زمانێکەوە هاتووە، بەم پێیە ئێمە دەزانین وشەیەک پەهلەوی، پارتی، هەورامی یان سۆرانیە. 
ناوبراو وتیشی: ئەوانە کە لە سەر زمانە هیندوئەورووپییەکان کار دەکەن، بەو ئاکامە گەیشتوون کە سەرچاوەی بەشێک لە زمانەکانی دونیا پێکەوە هاوبەشییان هەیە.
ئەو لە درێژەشدا هەندێ وێنەی بۆ ریشەناسی هێنایەوە و باسی پێشینە و دابەشکردنی زاراوەکانی زمانی کوردی کرد.
لە کۆتاییدا ئامادەبووان هەندێ پرسیاریان ورووژاند و ماموستا عەلی نانەوازادە وڵامی دایەوە.