فیلم وبینار

لە درێژەی زنجیرە وێبینارەکانی توێژینگەی کوردستان‌ناسی بە بۆنەی حەوتووی کتێبەوە، وێبیناری «ئەزموونەکانی توێژەرێک» بەڕێوە چوو.
وێبیناری «ئەزموونەکانی توێژەرێک» بە پێشکەشکاری دوکتۆر بێھزاد مەفاخری و بەشداری دوکتۆر کەماڵ ڕۆحانی بەڕێوە چوو.
لە دەستپێکی ئەم کۆڕەدا، دوکتۆر کەماڵ ڕۆحانی پاش ناساندنی خۆی و بەرهەمەکانی، باسی پێویستیی ئەو بەرهەمانەی کرد کە بڵاوی کردۆتەوە و جیاوازی ئەوانە لە گەڵ بەرهەمەکانی پێشووی شرۆڤە کرد.
 ناوبراو وتی: من پێم وایە ئەو کتێبانەی بیانییەکان لە سەر کورد و مێژووی کورد نووسیویانە، دەبێ بە چاوی گومانەوە چاویان لێ بکەین چونکوو دژایەتی زۆریان تێدایە و ئەگەر کەسێک بەرهەمی نووسەر و توێژەرە بیانییەکان بخوێنێتەوە، دەزانێت هەر کەس بە شێوەیەک چزیان لە میلەتی کورد داوە و زۆر جار لە جیاتی ئەوەی بەرژەوەندی میلەتی کورد لە بەرچاو بگیردرێت، دژی ئەوان باس کراوە.
ناوبراو ئاماژەی بۆ هەندێ لەو بەرهەمانە کرد و وتیشی: لەوانەدا لە جیاتی ئەوەی کە کورد وەکوو نەتەوەیەکی بە راستی خاوەن فەرهەنگ و کەلتووری ڕەسەن نیشان بدات، وەکوو میلەتێکی دڕ و شەڕانی و ماڵخۆر و دز دەناسێنێت و بێگومان ئەو کتێبانەی ئێمە لە ئاکامی توێژینەوەماندا چاپمان کردووە، لە هەموو ئەو هەڵانە پاک کراونەتەوە.
ئەم توێژەرە کوردە ڕاشیگەیاند: کتێبەکانی ئێمە جگە لە سەرڕاست کردنەوەی ئەو هەڵانەی بیانییەکان، لە هەڵەی ئاماری و ناساندنی هەڵەی فەرهەنگی کوردەکان پاک کراونەتەوە.
دوکتۆر ڕۆحانی یەک لایەنە بوونی وەکوو خەسارێکی دیکەی ئەو کتیبانە ناو برد و وتی: من لە کتێبی کورد و کوردستاندا هەوڵم داوە هەموو لایەنەکان لەبەرچاو بگرم و هەم مێژووی پێش زایین، هەم پاش زایین و تەنانەت هاوچەرخیش بەیان بکەم.
ناوبراو ڕوونی کردەوە: هەموو هەوڵی خۆم داوە بەرهەمێک پێشکەش بکەم کە تێیدا بێ لایەنی بپارێزم بەڵام هەوڵیشم داوە مێژوویەکی باش بۆ نەتەوەی خۆم تۆمار بکەم و ڕاستییەکان بگوێزمەوە.
ئەم توێژەرە ئاوڕێکیشی لە بەرهەمە ئایینیەکانی خۆی دایەوە و وتی: من لەم کتێبانەمدا بە پێچەوانەی نووسەران و توێژەرانی دیکەوە هەموو شتێکم وەکوو ئیعجازی قورئان پێناسە نەکردووە و ئەو شتانەی کە زانست سەداسەد سەلماندوویە، وەکوو ئیعجاز تۆمارم کردووە و ئەمە جیاوازی کتێبی ئیعجازی قورئانی من لە گەڵ کتێبەکانی دیکەیە.
لە درێژەشدا باسی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی بەرهەمەکانی دیکە و شێوەکانی توێژینەوە لە دیکەی کتێبەکانی دوکتۆر ڕۆحانی کرا و بەشداربووانی کۆڕەکە هەندێ پرسیاریان ئاراستە کرد و ناوبراو وڵامی دایەوە و باس و وتووێژیان لە سەر کرا.