کۆڕی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی کتێبی "بنەماگەلی ئەدەبی چیرۆک" لە لایەن توێژینگەی کوردستانناسی زانکۆی کوردستانەوە بە بەشداری دوکتۆر زەکەریا بزدوودە مامۆستای بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی و نووسەری کتێبەکە، دوکتۆر سیرووس ئەمیری مامۆستای بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی و کاوان محەمەدپوور ڕەخنەگری ئەدەبی بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای ئەم کۆڕەدا دوکتۆر زانیار نەقشبەندی ئاماژەی بۆ پیکهاتەی کتێبەکە کرد و وتی: ئەو پێکهاتە ڕێک و پێکەی لە سەر بەشە جۆربەجۆرەکانی کتێبەکە کراوە، تایبەتمەندییەکی زەق و بەرچاوە کە هەر خوێنەرێک لە یەکم خوێندنەوەیدا هەستی پێ دەکات.
ناوبراو وتیشی: هەر ئەم تایبەتمەندییە بۆتە هۆی ئەوەی سروشت و ڕەنگ و بۆنێکی ئاکادێمیک و زانستی بە کتێبەکە ببەخشێت. جێگای کارێکی لەم شێوە لە بەشی کوردیدا خاڵی بوو کە د
دوکتۆر نەقشبەندی وێڕای ئاماژە بە دیکەی تایبەتمەندییەکانی ئەم کتێبە، رایگەیاند: لە هەر پاژێکی ئەم کتێبەدا ٣ کورتەچیرۆک هاتووە کە بۆ شیکردنەوەی ئەو خاڵ و تایبەتمەندییانە کە لە هەرکام لە بەشەکاندا باسی کراوە، کەڵکی لێ وەرگیراوە و ئەمەش تایبەتمەندی زانستی بوونی بە کتێبەکە زیاد کردووە.
بەڕێوەبەری کۆڕەکە پێی وایە ئەم کتێبە تەنیا تایبەت بە کورتەچیرۆک نییە بەڵکوو دەتوانێ لە بەستێنێکی بەربڵاوتر بۆ خوێندنی ڕەخنەگرانەی ڕۆمانیش کەڵکی لێ وەربگیردرێت هەر وەک نووسەری کتێبەکە بۆ شی کردنەوەی خاڵە گرینگەکان لە ڕۆمانە کودییەکانیش کەڵكی وەرگرتووە.
ناوبراو وتیشی: پاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە خوێنەر ئامێری تیۆریکی بۆ شی کردنەوەی ڕەخنەگرانەی کورتەچیرۆک و ڕۆمانی لە بەردەست دایە کە ئەمە خاڵێکی زۆر گرینگە.
لە درێژەشدا کاوان محەمەدپوور وەکوو ڕەخنەگرێکی ئەدەبی کتێبەکەی لێک دایەوە و وتی: بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە تەنانەت یەک کتێبیش لە زمانی کوردیدا نییە کە شیاوی ئەوە بێت وەکوو سەرچاوەیەک لەم بوارەدا ئاماژەی پێ بکرێت.
ناوبراو ڕوونی کردەوە: ئەوەی ئێمە لە کوردیدا دەیبینین فەزایەکی تژی لە فەلسەفە و شرۆڤەیە کە پشت ئەستوور بە هیچ بووتیقایەک نییە و تەنانەت لە هیچ چوارچێوێکی نەزەریدا نییە و بەداخەوە لە فەزای ئاکادێمیکیشدا هەر بەم شێوەیە.
محەمەدپوور وێڕای ئاماژە بەوەی کە هیچ ڕەخنەیەکی پێکهاتەیی بۆ ئەوەی کە بە پێی ئەوە بتوانین بڵێین کە نووسراوەیەک شێعرە، چیرۆکە یان چەشنێکی ئەدەبی دیکەیە لە زمانی کوردیدا زۆر دەگمەنە گەرچی هەوڵهایەک دراوە بەڵام بەداخەوە ئەوەندە لاوازن کە نایەنە نێو بازنەیەکەوە کە بکرێ دانی پێدا بنین و بڵێین ئەوە کارێکی باش و زانستییە.
ئەم ڕەخنەگری ئەدەبییە داکۆکی کرد: گێڕانەوەناسی، شرۆڤەی گێڕانەوە، ب‌ووتیقایەک کە پشت ئەستوور بێت بە نیزامێکی فەلسەفییەوە لە ڕەخنەی ئەدەبی ئێمەدا زۆر کەمە بۆیە تووشی فەزایەکی تژی لە فەلسەفە و شرۆڤە بووین کە دیار نییە ئەو فەزایەش گرێدراوی کوێ و چییە.
ناوبراو پێی وایە لە وەها دۆخێکدا پێویستی بوونی کتێبهایەکی لەم شێوە زیاتر دەردەکەوێ. ئەم کتێبە زانیاری زۆر دەخاتە بەردەستی خوێندکاران و خوێندکار هان دەدات کە سەرنجی بابەتەکانی شێوازی گێڕانەوە،  شێوازی پێکهاتەیی و  شێوازی ناساندنی کەسایەتییەکان بدات و لە شرۆڤەی تاکەکەسیدا نەمێنێتەوە و نەکەوێتە ئەو داوەی کە ژورنالیسمی ئەدەبی کوردی باوی کردووە و هەر شتێک دەنووسرێت بە بێ هەڵسەنگاندن و لێک دانەوە بڵاو ببێتەوە.
محەمەدپوور پێی وایە هەندێ وشە و دەستەواژە بە باشی هەڵنەبژێردراون کە ئەمەش بە هۆی نەبوونی سەرچاوە بووە و وەکوو یەکەم کتێب سروشتییە کە کەم و کۆڕی تێدا بێت.
پاشان دوکتۆر سیرووس ئەمیری سەبارەت بەم کتێبە وتی: ئەم کتێبە وەکوو بەرهەمێکی هاوبەشی خوێندکاران و ماموستایە واتا باس و وتووێژێک کە لە پۆلدا لە نێوان ماموستا و خوێندکار کراوە لەم کتێبەدا ڕەنگی داوەتەوە.
ناوبراو پێی وایە پێویستە ئەم کتێبە دیسانەوە لە پۆلدا باسی لە سەر بکرێت و پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و هەڵەکانی سەرڕاست بکرێنەوە چونکوو لە پۆلدا ئەو هەڵانە باشتر دەردەکەون.
ماموستای بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی داکۆکی کرد: ئەم کتێبە پێویستی بەوەش هەیە کە لە لایەن ماموستاکانی زمان و ئەدەبی کوردییەوە بخوێندرێتەوە و رەخنەی لێ بگیردرێت و بە شێوازێکی ئاکادێمیک بە نووسەر ڕابگەیندرێت چونکوو ئەم کتێبە دەسپێکێکی باش بۆ ئەم بابەتەیە  و دەکرێ بڵێین سەرەتای پرۆژەیەکی گەورەیە.
ناوبراو رەخنەی لە ژمارەی چیرۆکەکانی ئەم کتێبە گرت و وتیشی: ئەم کتێبە دەبێ چیرۆکی زۆرتری تێدا بێت و بابەتەکان یان بەشەکان دەبێ زۆرتر بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەموو بەشەکانی چیرۆک لە خۆ بگرێت و وێنەی زۆرتر بۆ لێکدانەوەی ئەو بابەتانە لە بەردەستدا بێت.
ئەم ماموستای زانکۆیە ئاماژەی بە داوەری کتێبەکە کرد و ڕایگەیاند: دەبێ ڕۆژێک بەو ئاستە بگەین کە داوەری کتێبەکان ببێتە هۆی ئەوەی باشتر و بە شێوازێکی ئاکادمیکتر بڵاو ببنەوە بەداخەوە لێرە زۆر یارمەتی نووسەر نادرێت کە بەرهەمەکەی باشتر بکات کەچی لە پەخشانگا بەناوبانگەکاندا داوەر دەبێتە هاوکاری نووسەر.
دوکتۆر ئەمیری وێڕای ئاماژە بەوەی کە جوغرافیای چیرۆکەکان و کاتی ئەوانە زۆر بەربڵاوە، وتی: بابەت و پاژی کتێبەکە دەکرێ زۆرتر بکرێنەوە.
لە درێژەشدا دوکتۆر زەکەریا بزدوودە وتی: نووسینی ئەم کتێبە کاری یەک کەس نەبووە و ئامادە کردنی بە تەنیا بۆ من کارێکی دژوار بوو بۆیە کەم و کۆڕی زۆری هەیە و ئەگەر خێرایی یان هەڵەیەک لە بەشەکاندا دەبینرێت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم کارە بە تەنیا یەک کەس ناکرێت.
نووسەری کتێبەکە داکۆکی کرد: هەڵبژاردنی چیرۆکەکان بە واتای ئەوە نییە باشترین چیرۆکی ئەو نووسەرانە بووە بەڵکوو باشترین چیرۆک بۆ وانە وتنەوە بووە.
ناوبراو ڕایگەیاند: لە پێداچوونەوەیەکدا کە بۆ چاپی دووهەم دەکرێت بێگومان پێداچوونەوەیەک بە سەر چیرۆکەکان و تەنانەت شێوەزاری چیرۆکەکان و هەروەها هەڵبژاردنی وشە و دەستەواژەکانیش دەکرێت و هیوادارم چاپەکانی داهاتوو باشتر بێت.
لە کۆتایی کۆڕەکەشدا بەشداربووان پرسیارەکانی خۆیان پێشکەش کرد و لە سەریان باس و وتووێژ کرا.