هاوکات لەگەڵ دەستپێکی حەفتەی دەوڵەت، وەزیری خوێندنی باڵا سەردانی عیمارەتی میسری کرد کە ماوەیەک دراوە بە توێژینگەی کوردستان­ناسی.

 

بێهرووز چەمەن­ ئارا، سەرەڕای دەربڕینی ڕەزامەندی خۆی لە سەردانی وەزیری خوێندنی باڵا و هاوڕێیانی وتیان: زانکۆی کوردستان لە ڕێگای بەڕێوەبردنی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی خۆی، لە بەرنامە و گەڵاڵەکانیدایە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەم عیمارەتە ببێت بە بەشێک لە توێژینگەی کوردستان­ناسی و بەشێک لەویش تایبەت و تەرخان بکرێت بە کتێبخانەوە.

هەروەها بەرپرسی توێژینگەی کوردستان­ناسی لە درێژەی وتەکانیاندا وتیان: لە دوای نۆژەن کردنەوەی دووبارەی ئەم بینا بە بایەخە مێژووییە، بڕیارە بەشیک لە توێژینەوە و خوێندنەوەکان بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی لەم شوێنەدا بەڕێوە بچێت.

عیمارەتی میسری یەکێکە لەو بینا کۆن و مێژووییانەی شاری سنە کە لە شەقامی نمەکی ئەم شارە هەڵکەوتووە کە بە داخەوە ماوەیەکی زۆرە ڕەوتی بەرەو تیاچوون ڕۆیشتووە و نۆژەن کردنەوەی پێویستی بە تەرخان کردنی بڕە پارەیەکی تایبەتە. ئەم عیمارەتە لە لایەن فەرمانگەی میرات و کولتووری پارێزگای کوردستان و لە دووهەمین دانیشتنی شۆرای گەڵاڵەداڕێژیی و گەشەدانی پارێزگا، لە دوای پەسەندکردنی شوێنە مێژووییەکان و پێدانیان بە فەرمانگەکان و کەڕتی تایبەت، درا بە زانکۆی کوردستان.