لە ڕێکەوتی 15ی پووشپەڕی 1398 بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان، دوکتۆر ڕەحمەت سادقی سەرۆکی زانکۆی کوردستان و لێژنەی سەرۆکایەتیی زانکۆی کوردستان، دوکتۆر بێهروز چەمەن‌ئارا سەرۆکی توێژینگەی کوردستان‌ناسی و کۆمەڵێک لەمامۆستایان و خوێندکاران، پەردە لە سەر پەیکەری شاعیری گەورەی کورد مامۆستا نالی لادرا. 

ئەم پەیکەرە بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونی پەیکەرتاشی ناودار کورد، مامۆستا هادی زیائەدینییەو لە بەر ئەیوانی توێژینگەی کوردستانناسیی زانکۆی کوردستان و بەرانبەر بە کۆلێژی زمان و ئەدەبیاتی زانکۆی کوردستان دانراوە و لە ڕیوڕەسمێکدا بە شێوەیەکی شکۆدار، پەردەی لە سەر لادرا.

جێی ئاماژەیە کە نالی یەکێکە لە شاعیرە گەورە و هەرە دیارەکانی کورد لە ساڵەکانی 1256 - 1179 ژیاوە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی قوتابخانەی بابان.