جێبەجێکاری پڕۆژە: دوکتۆر بورهان تەفسیری

ڕێککەوتی دەستپێک: 

ڕێککەوتی کۆتایی:

فەرماندەر: توێژینگەی کوردستان ناسی

پوخته‌:
هۆزی گه‌ڵباخی یه‌کێ له هۆزه کورده‌کان و نیشته‌جێی ناوچه‌ی ساراڵی پارێزگای کوردستانی ئه‌وڕۆیه. گه‌ڵباخییه‌کان له سه‌رده‌می سه‌فه‌ویی به‌دوواوه به‌رده‌وام وه‌کوو یه‌کێ له لایه‌نه کاریگه‌ره‌کان له مێژووی گۆڕانکارییه‌کانی کوردستانی ئه‌رده‌ڵاندا جێباز بوون. به‌ڵام تا ئێستا توێژینه‌وه‌ی وه‌به‌رگر و به‌رفراوان سه‌باره‌ت به‌م هۆزه و جێگه‌وپێگه‌یان نه‌کراوه. له‌م توێژینه‌وه‌دا هه‌وڵ ده‌درێ به‌ڕوانینێکی پوخت بۆ هۆزی گه‌ڵباخی و گۆڕانکارییه‌کانیان هه‌نگاوێکی سه‌ره‌کی له‌پێناوی ڕوونکردنه‌وه‌ی پێگه‌ی ئه‌وان له ئاڵوگۆڕه‌کانی ناوچه‌که‌دا بهاوێژرێت. له‌وێوه که ئه‌م هۆزه له سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌وه وه‌کوو یه‌کێ له‌و هۆزانه‌‌ی که له ناوچه کوردنشینه‌کاندا به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ ده‌ستێوه‌ردانی پرسه ناوخۆییه‌کانی میرنشینی ئه‌رده‌ڵانیان ده‌کرد، حکوومه‌تی خۆجێیی کوردستانی ئه‌رده‌ڵان له قۆناغه جیاوازه‌کاندا به‌رده‌وام له سیاسه‌تی جیاواز بۆ سه‌رکوتی ئه‌وان و ڕاگرتنی دۆخی ئه‌منیی له ناوچه‌که‌دا که‌ڵکی وه‌رده‌گرت. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی پاله‌وی، له ‌پێناوی داهێنانی هاوبه‌ندیی نوێ، پلانێکی تایبه‌تی بۆ سه‌رکوت و ته‌خته‌قاپۆکردنیان ڕه‌چاو کرد. پرسی سه‌ره‌کی سه‌باره‌ت به هۆزی گه‌ڵباخی، کۆچپێکردنیان له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیه‌وه‌یه، که وه‌ڵام به‌و پرسیاره خۆی لێکدانه‌وه‌یه‌کی مێژووییه. پرسیارێ که زۆرتر له‌وه‌ی پێوه‌ندیی به سیاسه‌ته عه‌شایه‌رییه‌کانی ده‌وڵه‌تی پاله‌وییه‌وه هه‌بێت، به‌ره‌وڕووی پێشینه‌ی هۆزی گه‌ڵباخی ده‌بێته‌وه. ئه‌وه‌ی که بۆچی ده‌وڵه‌تێکی ناوه‌ندیی ئۆتۆریته‌خواز له‌گه‌ڵیاندا ڕا نه‌ده‌هات و هه‌روه‌ها نه‌یده‌توانی ده‌سبه‌رداریان ببێت؟ له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا بۆ یه‌که‌مین جار هۆزی گه‌ڵباخی له سه‌ره‌تاوه تا کاتی کۆچپێکردنی زۆره‌ملێیان له لایه‌ن ڕه‌زا شاوه لێکۆڵینه‌وه‌ی بۆ ده‌کرێت. بۆ وه‌ڵام به‌ پرسیاری توێژینه‌وه ئاوڕێک له پێشینه‌ی هۆزی گه‌ڵباخی ده‌درێته‌وه و به لێکدانه‌وه‌ی دۆخی مێژوویی و جوگرافییان، هه‌وڵ ده‌درێت وه‌ڵامێکی مێژوویی به‌م پرسیاره بدرێته‌وه. به‌م بۆنه‌وه بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی پرسه‌که، بابه‌تگه‌لێک وه‌کوو نیشتنگه‌ی هۆزی گه‌ڵباخی، شێوه‌ی ژیانی گه‌رمیان-کوێستانی ئه‌م هۆزه‌ و ئه‌و دوژمنایه‌تییانه‌ی به‌م بۆنه‌وه به‌ره‌وڕوویان بۆته‌وه، ئه‌و نائارامی و تاڵانچێتییانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان له ناوچه‌‌کانی ده‌ورووبه‌ر وه‌کوو گه‌ڕووس، هه‌ورامان، ده‌ورووبه‌ری سنه هه‌ڵگیرساوه و هه‌روه‌ها ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر به جافه‌کان؛ و سیاسه‌ته کاتییه‌کانی حکوومه‌تی خۆجێیی کوردستان له هه‌مبه‌ر ئه‌وان لێکدانه‌وه‌ی بۆ ده‌کرێت.