دیوانی حەریق: ساخکردنەوە و پێداچوونەوەی نوێ


کرین


ئەم دیوانە (حەریق) لە چوار بەش پێک‌هاتووە:

 بەشی یەکەم: پێش‌باس

لەم بەشەدا بەپێی زانستیی شێوازناسی، شێوازی شیعری حەریق لە سێ ئاستی زمانی، ئەدەبی و هزریدا بە شێوەیەکی پوخت شی‌کراوەتەوە و بابەتە دیارەکانی ئەو سێ ئاستە پشکنینی بۆ کراوە. دیاری‌کردنی شێوازی شیعری حەریق تەنیا بۆ سەلماندنی ئەو بابەتەیە کە شیعری حەریق سەر بە قوتابخانەی کوردیی ناوەندییە.

بەشی دووهەم: پێشەکی

ئەو بەشە لە چەند تەوەر پێک‌هاتووە؛ تەوەری یەکەم: لەم تەوەرەدا زانستیی ساخکردنەوە و شێوازەکانی ساخکردنەوەی دەق تاوتوێ کراوە، پاشان نوسخە خەتتییەکانی دیوانی حەریق بۆ ساخکردنەوەی ئەو دیوانە پێناسە کراون. لە تەوەری دووهەمدا بە شێوەیەکی ورد هەڵە و ناتەواوی چاپەکانی پێشووی دیوانی حەریق و جیاوازییەکانیان لەگەڵ ئەو دیوانە لە پەراوێزدا خراوەتە ڕوو. لە تەوەری سێهەمدا ئاماژە بە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی هەڵە و ناتەواوی لە دیوانی شاعیرانی کلاسیک و بەتایبەت دیوانی حەریق کراوە. لە تەوەری چوارەمدا ژیاننامەی حەریق و چەند گێڕانەوەیەکی پەیوەندیدار بە حەریق و ڕوانگەی توێژەرانی پێشوو، لەسەر ڕێکەوتی لە دایک‌بوون و کۆچی دوایی و ڕووداو دیارەکانی ژیانی حەریق باس‌کراوە.

بەشی سێهەم: لەم بەشەدا شیعرە کوردییەکانی حەریق بەپێی دوایین پیتی سەروای دێڕەکان پۆلێن کراون، پاشان هەرکام لە شیعرەکان بەپێی نوسخە خەتتییەکان بەردەست ساخکراونەتەوە. لەم بەشەدا جیاوازیی چاپەکانی پێشوو لەگەڵ ئەو دیوانە دیاری‌ و نووسراوە.

بەشی چوارەم: لەم بەشەدا شیعرە فارسییەکانی حەریق بەپێی نوسخە خەتتییەکانی بەردەست ساخکراوەتەوە و جیاوازیی شیعرە فارسییەکانی حەریق لەگەڵ چاپەکانی پێشووی دیوانی حەریق خراوەتە ڕوو.